زاری كرمانجی-سۆران:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ڕێگەی زاری كرمانجییەوە پەیامێكی گرنگی بڵاوكردەوە و داواكاریەكیشی لە هاووڵاتییانی سنوورەكە هەیە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ زاری كرمانجی، دەڵێت: ئەمڕۆ و سبەی دوا دەرفەتە بۆ خەڵكی ئیدارەی سۆران بە هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكانەوە كە سەردانی بنكەكانی كۆمیسیۆن لە شار و شارۆچكەكانی سنوورەكە بكەن، بۆ ئەوەی هەر كێشەیەك لە ناوەكانیان، یان لە پەنجەمۆر هەبێت كێشەكە چارە بكەن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی هەڵبژاردن كە 10ی 6 سەرۆكی هەرێم دیاری كردووە لە دەنگدان بێبەش نەبن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: ئەگەر لە بنكەكانی كۆمیسیۆن كێشەیەك هەبێت، یان قەرەبالغ بێت، چەند ژمارەیەك دانراون، دەتوانن لە ڕێگەی ئەو ژمارانەوە پەیوەندیمان پێوە بكەن، بۆ ئەوەی بتوانین بەزووترین كات كێشەكە چارە بكەین، لەگەڵ ئەوەش كارمەندانی كۆمیسیۆن كاتی زیاتر دەمێنەوە، بۆ ئەوەی لەو دوو ڕۆژەدا زۆرترین هاووڵاتی سنوورەكە سەردانی بنكەكان بكەن و كێشەی ناو و پەنجەمۆریان چارە بكەن، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی هەڵبژاردن، كە هەڵبژاردنێكی چارەنووسازمان لە پێشە بێبەش نەبن و بتوانن دەنگی خۆیان بدەن.