شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی منداڵبوون و ئافرەتان، باسی لەدایكبوونی كۆرپەلەی گەورە دەكات، واتە ئەوانەی كێشییان زۆرە.
د. بنار ئەحمەد، پزیشكی پسپۆڕی منداڵبوون و ئافرەتان و نەزۆكی، دەڵێت” كۆرپەلەی گەورە Macrosomia یان زیادكردنی كێشی بریتییە لە لەدایكبوونی منداڵێك كە قەبارە و كێشی زۆر گەورەترە لە كۆرپەلەی ئاسایی واتا كێشی لە 4000 گرام زیاتر بێت، كە ئەمەش چەند هۆكارێكی مەترسی هەیە.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” زۆر هۆكار هەن لەوانەیە ببنە هۆی زیادبوونی مەترسی بۆ لەدایكبوونی كۆرپەلەی گەورە، هەندێكیان دەتوانرێن كۆنتڕۆڵ بكرێن، بەڵام هەندێكی تر لەوانەیە لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی دایكەكە بن، لەوانەش:
-ئەگەر دایكەكە نەخۆشی شەكرەی هەبێت، ئەگەری زۆرە منداڵەكە بە قەبارەیەكی گەورەتر و چەوری جەستەی زیاتر لەدایك ببێت لە چاو منداڵێك كە دایكی نەخۆشی شەكرەی نییە.
-مێژووی پزیشكی، ئەگەر پێشتر منداڵێكی گەورەت بووبێت، ئەوا مەترسی زیاترت لەسەرە كە منداڵێكی گەورەی دیكەت هەبێت.
-قەڵەوی دایك.
-دووگیانی پێشوو، مەترسی تووشبوون بە ماكرۆسۆمیای كۆرپەلە لەگەڵ هەر دووگیانییەكدا زیاد دەكات.
-دووگیانبوون بە كوڕ، بەزۆری كێشی كۆرپەی نێر زیاترە لە كۆرپەی مێ، زۆربەی ئەو منداڵانەی كێشییان زیاترە لە 4.5 كیلۆگرام كوڕن.
-تەمەنی دایك، ئەو ژنانەی تەمەنیان سەرووی 35 ساڵە مەترسی لە دایكبوونی كۆرپەلەی قەبارە گەورەیان زیاترە.