شەهلا رەشید- سۆران
د. كامەران رەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” رۆژووگرتن چارەسەركردنی بەشێكی زۆری كێشەكانی كۆئەندامی هەرس لە رێگەی پێدانی پشوویەك بۆ كەمكردنەوەی ئەنزایمەكانی هەرسكردن و یارمەتیدانی هاوسەنگ راگرتنی شلەكانی ناو جەستە دەدات، هەروەها دەبێتە هۆكاری بەهێزكردنی تەندروستی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن لە رێگای دابەزاندنی چەوری سییانی و كولیستڕۆڵی خراپ لە خوێن و دابەزاندنی پەستانی خوێن، واش دەكات جەستە لە ماددە ژەهراوییەكان پاك ببێتەوە و دەرفەتیشە بۆ وازهێنان لە ماددە كەحولییەكان و جگەرە كێشان، تەندروستی جگەریش بەهێز دەكات.
گووتیشی” یارمەتی كۆنتڕۆڵكردنی ئاستی شەكرەی خوێن دەدات و دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی كێشی نموونەیی و چارەسەری قەڵەوی و زۆری كێش، تەندروستی پێستیش بەهێز دەكات و دەیپارێزێت لە كەمكرندنەوەی نیشانەكانی هەندێ نەخۆشی پێست وەك زیپكە و هەوكردنی بەهۆی بەكتریاكان.
ئەم پزیشكە ئاشكراشیكرد” بۆ بەدەستهێنانی ئەم سوودە تەندروستییانە پێویستە كەسی رۆژووگر پابەند بێت بە رێنماییەكانی شێوازی خۆراك و ستایلی ژیانی دروستی مانگی رەمەزان.