ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی بڵاوی كردەوە” ئەمڕۆ شەممە 9ی ئازار لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەكی نوێی شێدار لە دەریای ناوەڕاست و توركیاوە بۆ سەر ناوچەكانمان لە كاتەكانی نیوەرۆ بەدواوە دۆخێكی ناسەقامگیری كەشوهەوا كە خۆی دەبینێتەوە لە چالاكبوونی هەورەبرووسكە و تاوەباران و هەندێ شوێنیش تەرزە بارینی دەبێت”.
بەپێی پێشبینییەكانی ئەم كەشناسە ” ئەم شەپۆلی بارانبارینە سەرەتا ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و هەولێر دەگرێتەوە بە تایبەت ناوچە شاخاوییەكانی هەردوو پارێزگاكە ئاستی دابارینیان زیاتر دەبێت بەرێژەی 20 تا 35 ملیممەتر و پاشان كاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییە بەشێوەیەكی لاواز پەرەدەسەنێت بۆ ناوچەكانی ئیدارەی راپەرین، سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لەم ناوچانەشدا ئەگەری تاوەباران و هەورەبرووسكە دەبێت و رێژەی بارانی پێشبینیكراو لەم ناوچانەدا 5 تا 20 ملیممەترە، هەرچی ناوچەكانی سنووری پارێزگای كەركووك و ئیدارەی گەرمیانە كاریگەریی لاوازتر دەبێت و ئەگەری بارانێكی كەم دەبێت بەرێژەی 1 تا 5 ملم”.
ئەو شارەزایەی كەشناسییە ئەوەشی خستووەتەروو” پلەكانی گەرما بەرێژەی 1 تا 3 پلە نزمدەبێتەوە و خێرایی باش لەسەرخۆ دەبێت و هەندێك كات مامناوەند لە نێوان 10-25كم/لە كاتژمێرێكدا ئاراستەی بای باكوور و باكووری خۆرئاوا دەبێت، كاریگەریی ئەم ناسەقامگیرییەش ناوبەناو تاوەكوو ئێوارەی سبەی یەكشەممە بەردەوامی دەبێت”.