زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان ئاشکرایکرد، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا تیرۆپشک بۆ یەکەکانی کرێنشینان دەکرێت و دەڵێ، بە ھۆکاری دارایی تا ئێستا پڕۆژەی یەکەکانی کرێنشینان نەچووتە بواری جێ بەجێکردن، بەڵام قۆناغی باشی بڕیوە و دەست بە دروست کردنیان دەکرێت.
د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان لە پرێنس کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند” حکوومەت جیدیە لەسەر دروست کردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان و لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا تیرۆپشک بۆ ناوی کرێنشینان دەکرێت، چونکە دەمانەوێ لەسەرەتادا بزانین کێن ئەو کەسانەی شایستەن بۆ وەرگرتنی یەکەکانی کرێنشینان و بەپێی خاڵبەندی دەبێت و چەند مەرجێک ھەن بۆ کەسانی سوودمەندبوو.
سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد” پرۆسەی دروست کردنی یەکەکانی کرێنشینان قۆناغی زۆر باشی بڕیوە و دوا کەوتنی پڕۆژەکە بە ھۆکاری دارایی بووە، بەڵام قۆناغی زۆرمان بڕیوە و دەست بە دروست کردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ چینی ھەژار و کرێنشین دەکرێت.
د. محەمەد شوکری گوتیشی” ئەمساڵ بڕیارە مۆڵەت بە دروست کردن و کردنەوەی چەند کارگەیەکی دیکە بدرێت و بچنە بواری جێ بەجێکردن، ھەموو ئاسانکاریەکیش بۆ وەبەرھێنەرانی بیانی و ناوخۆ دەکرێت بە مەبەستی ئەنجامدانی وەبەرھێنان لە کەرتە جیاوازەکان، بەتایبەتی دروست کردنی کارگە و کارکردن لەو کەرتانەی زیاتر پێویستن بۆ ھەرێمی کوردستان.