زاری كرمانجی-سۆران:
لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی رەمەزان تیمەکانی حکوومەت ئامادەکاری بۆ چاودێری بازاڕ دەکەن و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش، دەڵێ، رێگە بە ھیچ کەس و بازرگانێک نادرێت مانگی رەمەزان بکاتە دەرفەت بۆ بەرزکردنەوەی نرخ.
نەوزاد كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، ئاشكرای كرد: لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز ئامادەكاری دەكەین بۆ چاودێری كردنی ڕەوشی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و ڕێگە بەهیچ كەس و بازرگانێكیش نادرێت مانگی ڕەمەزان وەك دەرفەت بەكاربێنێ بۆ بەرزكردنەوەی نرخ و ساخكردنەوەی كەلوپەل و خۆراكی ماوە بەسەرچوو، چونكە زیانی بۆ تەندروستی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەیە، تیمەكانمان ئامادە دەكەین بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بچنە ناو بازاڕ.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی، گوتیشی: ئەگەر پێشتر تەنیا لیژنە و تیمەكانی چاودێری بازرگانی تەنیا لە ڕۆژدا ئەركیان جێبەجێ كردبێت ئەوە لە مانگی ڕەمەزاندا بە شەو و ڕۆژ تیمەكانی چاودێری بازرگانی لەنێو بازاڕ و كۆگا و ماركێتەكان دەبن بۆ چاودێری ڕەوشی بازاڕ.
نەوزاد كامیل، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: هەر كەسێك پەنا بباتە بەر گرانفرۆشی و بەرزكردنەوەی نرخ لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و ساڵانە لە مانگی ڕەمەزاندا سزای چەندین بازرگان و هاووڵاتی دراوە بە تۆمەتی بەرزكردنەوەی نرخ و ساخكردنەوەی كالای ماوەبەسەرچوو بۆ ئەمساڵیش هەمان پلانمان هەیە و توندتریش دەبین بەرامبەر ئەو كەسانەی سەرپێچی دەكەن.