مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دادگای باڵای سوێد، دووبارە سزای زیندانی هەتاهەتایی بە سەر داواكارێكی پێشووی یەكێك لە زیندانەكانی ئێراندا سەپاند و تانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییەی ڕەت كردووە كە لە سەر سزاكانی و بێتاوانبوونی پێشكەش بە دادگای ناوبراو كردبوو.
دوێنێ چوارشەممە، دادگای باڵای سوێد لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوێكەوە بڕیارەكەی ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند “بە تۆمەتی “تاوانی جەنگ” و “كوشتن”، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر حەمید نووری داواكاری گشتی پێشووی زیندانی گۆهەردەشت سەپاند و تانەكەی ڕەتكرایەوە.”
پرۆسەی دادگاییكردنی نووری لە دادگای سەرەتاییدا بە نزیكەی ١٠٠ دانیشتن لە ماوەی ٩ مانگدا بەڕێوەچوو. ٣٤ داواكار و ٢٦ شایەتحاڵ لە دادگا ئامادەبوون و شایەتییان دا.
ئەو بەرپرسەی ئێران جگە لە سزای زیندانی هەتاهەتایی، بە قەرەبووی كەسوكاری كوژراوان و زیندانیانی سیاسیش ناچار كرا.
ئەمە یەكەم جار بوو كە تۆمەتبارێك لە دەرەوەی ئێران لەبەر تاوانێك كە لە ئێران ئەنجامی داوە، دادگایی بكرێت و سزای زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت.
حەمید نووری ناسراو بە “حەمید عەباسی” لە ساڵی 2019 لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی ئارلاندای ستۆكهۆڵم دەستگیر كرا.
ساڵی 1988 لەسەر فەتوای “ئایەتوڵڵا خومەینی”، دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران، هەزاران بەندكراوی سەر بە سازمانی موجاهیدینی خەلق و بەندكراوی سیاسیی چەپ، بەبێ دادگایی لە زیندانەكانی ئێران لەسێدارەدران.
بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، لە ماوەی دوو مانگ نزیكەی پێنج هەزار بەندكراوی سیاسی لەو ساڵەدا لە لەسێدارەدران.
(كۆمیتەی مەرگ) لەسەر فەرمانی خومەینی پێكهاتبوو و ئەركی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسییانەی لە ئەستۆ بووە كە پەشیمان نەبوونەتەوە لە هەڵوێستە سیاسییەكانیان.
نووری ئەو كات لە دەزگای داد و زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا كاری كردووە و بەپێی شایەتیی زیاتر لە ٧٠ شایەتحاڵ لەو سەردەمەدا ڕۆڵی هەبووە لە كۆمەڵكوژكردنی زیندانیانی سیاسیدا.
هاوكات “ئیبراهیم ڕەئیسی”، سەرۆككۆماری ئێستای ئێران، ئەو كات جێگری داواكاری گشتی تاران و یەكێك بوو لە چوار ئەندامەكانی”كۆمیتەی مەرگ”ی كۆماری ئیسلامی.