شەهلا رەشید- سۆران
پزیشکێکی پسپۆڕ، بۆ کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن ئاماژە بەم خۆراکانەی خوارەوە دەکات.
د. کامەران رەسوڵ، پزیشکی پسپۆڕی خۆراک، بە زاری کرمانجی راگەیاند: زۆری ئارەزووی خواردن یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی قەڵەوی و کێشەیەکی بەردەوامی ئەو کەسانەیە کە بە دەست زۆری کێشەوە دەناڵێنن بەتایبەت لە وەرزی زستان، گرنگیدان بە خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانەی خوارەوە یارمەتی کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی ئارەزووی خواردن و زوو تێر بوون دەدات:
-ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە پڕۆتینەکان وەک گۆشت، هێلکە، پاقلەمەنییەکان و قارچک.
-ماددە ریشاڵییەکان، چونکە دەبنە هۆی خاوکردنەوەی پڕۆسەی هەرسکردن و بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنی تێر بوون ( لێبتین ) وەک هەموو جۆرەکانی سەوزە وەک خەیار، کاهوو، ترۆزی، بیبەر ، پیاز، میوە فرێشەکان وەک مزرەمەنییەکان، کێوی، هەنار، هەرمێ و شلیک، هەروەها پاقلەمەنییەکان و دانەوێڵە تەواوەکان .
- بادەم و گوێز، خواردنی پیاڵەیەک لە بادەم یان چەند گوێزێک لە نێوان ژەمەکان، خواردنەوەی چەند کوپێک قاوە یاخود چا بەڵام بێ شەکر، چای زەنجەبیل، سێو بەتایبەت سەوز و هێلکەی کوڵاو .
-خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو نیو کاتژمێر پێش خواردن و لە نێوان ژەمەکان و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی شەربەتی فرێش و جۆرەکانی تری شەربەت و خواردنەوە گازییەکان .
ئەم پزیشکە پسپۆڕە، گووتیشی: هەروەها پاپەند بوون بەم چەند خاڵەی خوارەوە وەک:
-خواردن بە هێواشی، جوێنی پاروو بە باشی، دوورکەوتنەوە لە خواردن بە پەلە و بەکارهێنانی قاپی بچووک بۆ خواردن.
-لەکاتی خواردن سەیری تیڤی مەکە و مۆبایل بەکارمەهێنە.