مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
جارێكی تر كرێكارانی كۆكردنەوەی دۆمبەڵان بوونە ئامانجی هێرشێكی چەكداری و سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە دەڵێن داعش هێرشەكەی ئەنجامداوە.
ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاوی كردەوە بە هۆی هێرشێكەوە كە پێدەچێت پەیوەندی بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە هەبێت، دەییان كرێكاری كۆكەرەوەی دۆمبەڵان بوونە قوربانی.
دوێنێ چوارشەممە لە بیابانی كەباجبی گوندەواری باشووری دێرەزووری سووریا، هێرش كرایە سەر كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی كرێكارانی كۆكەرەوەی دۆمبەڵان و نزیكەی 40 كرێكار كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەیە گیانیان لە دەستدا و 13 ئۆتۆمبێل سووتێنران. هاوكات بە پێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە چوار ئەندامی گرووپەكانی “دیفاع وەتەنی” كە سەرپەرشتی كرێكارەكانی كۆكەرەوەی دۆمبەڵانیان دەكرد لە هێرشەكەدا كوژراون.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، چەندین جار كرێكارانی كۆكەرەوەی دۆمبەڵان لە ناوچەكانی سووریا، بوونەتە ئامانجی هێرشی چەكداران و ساڵی ڕابردووش لە ڕووداوێكی هاوشێوەدا نزیكەی 70 كرێكار بوونە قوربانی.