زارى کرمانجى-سۆران:
ساڵی رابردوو، ھەشت ھەزار و 565 کۆچبەر لە رێگاکانی کۆچ لە سەرانسەری جیھاندا گیانیان لەدەستداوە، بەراورد بە ساڵی 2022 رێژەکە زیادیکردووە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ”لە ساڵی 2023 دا لە رێگاکانی کۆچکردن ھەشت ھەزار و 565 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە.”
بەپێی بەیاننامەى رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ژمارەی مردنەکان لە ساڵی رابردوودا بە بەراورد بە ساڵی 2022 بە رێژەی 20% زیادیکردووە.
رێکخراوەکە، ژمارەی گیان لەدەستدانی کۆچبەرانی بە کارەسات ناوبردووە و دەڵێت: ” ساڵی رابردوو کوشندەترین ساڵ بوو بۆ کۆچبەران بەو پێیەی ئامارەکە بەرزترینە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، ئەو دۆخە پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپاراستنی زیاتر هەیە”.