مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای چەند هەفتەیەك بەڕێكەوتن لە بەڕازیلەوە، كەشتی كوەیتی كە 19 هەزار مانگای هەڵگرتووە گەیشتە نزیك بەندەرەكانی عێراق.
بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەكانی، عێراق بڕیاری هاوردەكردنی مانگای بەڕازیلی دا و ئەمڕۆ كەشتییەكە گەیشتە نزیك بەندەری ئوم قەسر.
سۆمەرییە نیووز بڵاوی كردووەتەوە، كەشتییە كوەیتیەكە كە بە كەشتی بۆگەن ناونراوە، بە هۆی بۆنی ناخۆشی مانگاكان بە درێژایی ڕێگا ئاوییەكە كێشەی بۆ خەڵكانی نیشتەجێبوونی وڵاتان دروست كردووە و نموونەی لەنگەر گرتنی كەشتییەكە لە بەندەرەكانی شاری كەیپ تاونی باشووری ئەفریقا دەهێنێتەوە و دەڵێ هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە بە هۆی بۆنی ناخۆشی نێو كەشتییەكە داوایان لە حكومەت كردووە بە زوویی كەشتییەكە لە ناوچەكەیان دوور بخاتەوە.
لە هەواڵەكەی سۆمەرییە نیووز هاتووە “بەمەبەستی پێدانی ئالیك و پڕكردنەوەی سووتەمەنی كەشتییەكە لە بەندەرەكانی شاری كەیپ تاونی باشووری ئەفریقا لەنگەری گرتبوو، بەڵام خەڵكی ناوچەكە هەست بە بۆنێكی ناخۆش دەكەن كە بە شارەكەیان بڵاو بووەتەوە و سەرەتا وایان زانیوە بۆری ئاوەڕۆ تەقیوە، بۆیە دەستیان كردووە بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، دواتر بۆیان دەردەكەوێت ئەو بۆنە بە هۆی لەنگەرگرتنی كەشتیی پڕ لە ئاژەڵی گەورەیە لە بەندەری شارەكەدا، بۆیە داوایان لە حكومەت كردووە بە زوویی كەشتییەكە دوور بخاتەوە.”
بە پێی هەواڵێكی تر كە لە ئاژانسی خەلیج 365 بڵاوكراوەتەوە بەشێك لە مانگاكان لە نێو پاشەڕۆی خۆیان نقوم بوونە و خنكاون و بەشێكی تریشیان بە هۆی نەخۆشییەوە مرداربوونە.
حكومەتی عێراق ڕاگەیاند لەگەڵ گەیشتنی كەشتییەكە لەلایەن ڤێتێرنەرییەوە پشكنینی كوالێتییان بۆ دەكرێت و ئەگەر لە پشكنینەكان دەرنەچێت، ڕێگە نادەن ئاژەڵەكان بهێنرێنە ناو خاكی عێراق.