د. یوسف دۆسكی
ڕزگاری و ئازادی دوو چەمكی جیاوزان، كە زۆر جار وەكو هاوواتا لە ناو تێكست و گفتوگۆیەكاندا بەكاردەهێنڕێت. لە یادەوەری ئەم ڕۆژانەی ڕاپەرینی پیرۆزی باشووری كوردستاندا، پێویستە بە ڕژدی و ڕاستبێژانە ئەم دوو چومكە بخەینە ناو بابەتە جددییەكانی بیركردنەوەو هەڤپەیڤینەكانماندا. هەڵوێستەكردن لەسەر پرۆسەی ڕزگاربوونی ( Liberation ) دانیشتوانی ئەم بەشەی باشووری نیشتیمانەكەمان لە ژێر چەپووكی نەتەوەی باڵادەست لە لایەكەوە وە لێكدانەوەی دەرئەنجامەكانی ڕزگاربوونی كوردانی ئەم پارچەیەی كوردستان و خستنە ژێر شیكاری واقیعگەرایانەدا لە لاییەكیترەوە دەشێ یارمەتیدەرمان بێت بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستامان دوای سی و سێ ساڵ لە ئەزموونكردنی ژیانی دوای ڕاپەرین.
ڕزگاربوون یان ڕزگاركردن – كە لە زۆربەی وەرچەرخانە مێژووییەكاندا پرۆسەیەكی پڕ لە توندوتیژی و خوێنڕشتن و قۆربانیداندا بووە – دەبێتە هێنانە كایەی دۆخی ڕزگاری (Liberty) یان سەربەستی. ئەم دۆخە سەربەستییەی ئێمە لە باشووری نیشتیمان، ڕزگاربوون بوو لە ئەكتەروكانی سەركوتكاری نەتەوەی باڵادەست كە دژ بە تاكەكان بەكاری هێناوە. خۆڕزگاركردنێك بوو لە دەسەڵاتی چەوسێنەری هێزی باڵادەست كە بوونی كورد بە فەرمی نەناسیوەو مافەكانیان و ئیرادەیان ژێر پێ خستووە. پرۆسەی ڕزگاربوون لە ماوەیەكی كۆرتخایەندا تێپەڕ دەبێت (وەكچۆن لە ڕاپەریندا چەند مانگێكی خایاند) و تەنها ئامانجەكەی لابردن و نەهێشتنی هێزی دەركی و داپڵۆسێنەر و زاڵمە.
ئازادی ( Freedom)، دوای ڕزگاربوون دەست پێدەكات وە پێڤاژۆیەكی درێژخایەنە. دوای نەهێشتنی هێزی باڵادەست، نەتەوە ڕزگاربووەكان چ ژیانێك و چ فەزایەكی كۆمەڵایەتی و پۆلەتیكی بەرهەم دەهێنن؟ كە دەشی وەڵامی پرسیارەكە لە ئازادی تاكەكان و جڤاك خوی ببینێتەوە. دوای ڕاپەرین و سەرهەڵدان، كۆمەڵگە سیستەم و فەلسەفەی حوكمڕانی بۆ خوی دەسازێنێت. زۆربەی جار پاڵەوانەكانی شۆڕش داوای ماف و دەسەڵاتی زیاتر دەكەن كە لەگەڵ فەلسەفەی ئازادیدا ناگۆنجێت. قوربانییەكان قەرەبۆیان دەوێت و زام و برینی قارەمانانی بەرخودان بە مەرحەمی ئازادی ساڕێژ نابێت. پرۆسەی ئازادی و ژیانی دوای سەرهەڵدان ئالۆزتر و سەخترە. ئازادی كۆنسێپتێكی گشتیترە لە ڕزگاری، و بۆ شەبەنگێكی فراوان لە ئەكت و چاڵاكییەكانی وەك ئازادی ئابوری و ئازادی تاكەكەسی و ئازادی وشە و ئازادی ڕادەڕبرین و ئازادی لە بەشداری سیاسی و … لە خۆدەگرێت. ڕیژەی ئازادی بە پێوەرگەلێكی وەكو هەبوونی دەرفەتی بەشداریكردنی یەكسان بۆ تاكەكان بە بێ جیاكاری لە جۆمگە جیاوازەكانی دەسەڵات، هەبوونی ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ، بەردەوام ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك و دوور لە نمایشی سیاسی ناوەڕۆك بەتاڵ، ئاستی خۆشگوزەرانی تاكەكان و… هەڵدەسەنگێندڕێت.