محەممەد مەحموود- زاری کرمانجی :
بە مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری لە دەڤەری باڵەکایەتی، پڕۆژەیەکی گەشتیاری هاوچەرخ لە سنووری قەزای چۆمان لە واری جێبەجێ کردندایە و بڕیارە بەر لە وەرزی هاوین پڕۆژەکە بە ڕووی گەشتیاران بکرێتەوە.
لەم بارەیەوە، هەڵگۆرد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” پڕۆژەی گەشتیاری ( ڕیشە ڕیسۆرتیان ) پڕۆژەیەکی نوێی گەشتیارییە کارێکی تازەیە لە بواری گەشتیاری و یەکێک دەبێ لەو پڕۆژانەی کە چوار وەرزی ساڵ دەتوانێ پێشوازی لە گەشتیار بکات”.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، دەڵێت”: ئەو شوێنە گەشتیارییه پێکدێت لە (٢٠) خیوەت، لەگەڵ چێشتخانە و (١٠) موتێل و مەلەوانگە، زیاتر لە ٪٨٠ ی کارەکانی تەواو بووە و ئەوەی مابێتەوە تەنها کاری نێو موتێلەکانە کەمێک دەستکاریکردنی دەوێ، ئەو پڕۆژە گەشتیارییە لە لایەن وەبەرهێنەرێکی ناوخۆیی جێبەجێ دەکرێت “.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، باسی لەوەش کرد” تەواوی خزمەتگوزارییەکان دابین کراون بۆ گەشتیاران کارەبای بیست و چوار کاتژمێری و هەروەها بەرزترین و ساردترین شوێنە ئەو پڕۆژەی لێ ئەنجام دراوە، گەشتیار لە هاویندا پێویستی بە ئامێری فێنککەرەوە نابێ لەو شوێنە گەشتیارییە ، چونکە پلەکانی گەرما لەوێ ئەوەندە بەرز نابنەوە گەشتیاران دەتوانن لە شەوانی زستانیش لە نێو خیوەتەکان بمێننەوە، هەروەها شوێنی خێزانیش دابین کراوە و خێزانیش ئەتوانێ لەنێو ئەو پڕۆژە گەشتیارییە بمێنێتەوە لە شەوانی زستاندا “.
هەڵگورد محەممەد، ئەوەشی روونکردەوە ” ئەمڕۆ لە گەڵ ئەحمەد بارزان عەلیکۆ، قایمقامی چۆمان کارەکانی ئەو پڕۆژەیەمان بە سەر کردەوە بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان و چارەسەر کردنی هەر ئاستەنگێک ئەگەر هەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد” پێش هاتنی وەرزی هاوین، لە مانگی شەش ئەو پڕۆژەیە دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەتی گەشتیاران و بەمەش باڵەکایەتی دەبێتە خاوەنی یەکێک لە ناوازەترین پڕۆژە گەشتیارییەکان کە پێشوازی لە گەشتیاران بکە لە چوار وەرزی ساڵ ئەمەش لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم زیاتر گرنگی بەوە دراوە کە سێکتەری گەشت و گوزار گرنگی زیاتری پێبدرێت، بەمەش وادەکات بووژانەوەیەکی ئابووری لە ناوچەکە بێتە کایەوە.