شەهلا رەشید- سۆران
پزیشکێکی پسپۆڕ، باس لە نیشانە سەرەتاییەکانی دووگیانی دەکات و دەڵێت: کاتێک ئافرەتێک دووگیان دەبێت سەرەتا هەست بەم نیشانانە دەکات کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین.
د. بنار دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی منداڵبوون و ئافرەتان، دەڵێت: چەن نیشانەیەک هەن کە ئافرەتان لەکاتی دووگیانی هەستیان پێدەکەن، لەوانە:
-هەستیاری و رەقبوونی مەمک، یەکێکە لە نیشانە سەرەتاییەکان، دوو هەفتە دوای پیتاندن هۆڕمۆنەکان دەگۆڕێن و هەست بە رەقبوون، قورسبوون و کزانەوەی مەمک دەکەن.
-حاڵەتی دڵتێکچوون و رشانەوە، ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیان بوون، ئەم دڵتێکچوونە بەهۆی بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوەیە، کە دەبێتە هۆی ئەوەی زوو گەدە خاڵی بێتەوە و ئەم حاڵەتە دروست ببێت.
-بێزاربوون لە خواردن، کاتێک ئافرەت دووگیان دەبێت لەخۆیەوە لە هەندێک خواردن بێزار دەبێت زیاتریشیان وەک قاوە، خواردنە سورکراوەکان، ئەمەش لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زۆرباوە بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانییەوە.
-ماندوویەتیەکی زۆر، سەرەتایی دووگیانی رێژەی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن زیاد دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی زۆر خەوتن و دابەزاندنی شەکری ناو خوێن و پەستانی خوێن، کە دەبنە هۆی ماندوویەتی، هەروەها بەرهەمهێنانی خوێنیش زیاتر دەکات بۆ ئەوەی وزەی زۆری هەبێت لە ماوەی دووگیانیدا.
-خوێنبەربوونی کەم و گرژبوونی منداڵدان، کە نزیکەی ١٠ بۆ ١٤ رۆژ دوای هێلکەدانان پیتاندن روودەدات کەمێک خوێن دوبینرێت ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی، ئەم خوێنبەربوونە بەگشتی رەنگێکی کاڵتر و کاتێکی کەمتریش دەخایەنێت، هەندێک لە خانمان لەگەڵ ئەوەشدا ئازاری سکیان دەبێت وەک ئازاری سوڕی مانگانە.
-بێهێزی و سەرگێژخواردن، بەهۆی ئەوەی کە پەستانی خوێن و شەکری ناو خوێن دادەبەزن، بۆیە ئافرەتی دووگیان هەست بە بێهێزی و سەرگێژخواردن دەکات.
-وەستانی سووڕی مانگانە، گرنگترین نیشانی دووگیانی وەستانی سووڕی مانگانەیە، لەوانەیە خانمێک هێچ یەک لەو نیشانانەی کە ئاماژەمان پێکردن نەبێت بەڵام سووڕی مانگانەکەی بوەستێت ئەمەش نیشانەی دووگیان بوونە.