زاری كرمانجی -سۆران:
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکەن بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، هەڵبوەشێنێتەوە. دەشڵێن، بڕیارەکان، “دژی دیموکراسی، بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانن”.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، نوێنەرانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دژی دوایین بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، گردبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا نامەیەکیان بە زمانەکانی کوردی، تورکمانی، سریانی، عەرەبی و چەند زمانێکی دیکە ئاراستەی سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی دادگای فیدراڵی، دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوا لەو لایەنانە دەکەن، “بەرامبەر ئەم زوڵمە، ئەم نادەدپەروەرییە، ئەم بڕیارە نادەستوورییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا کە بە خوێنی شەهیدان و راپەرینی پیرۆز بۆ گەلی ئێمە تا ئێستا ماوەتەوە” بێ دەنگ نەبن و کار بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان بکەن.
نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە باسیان لەوە کرد، بەگوێرەی دەستوور، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری ئێستای عێراق دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوەستێتەوە و رێگری لە جێبەجێکردنیان بکات. ئاماژەشیان بەوە کرد، “لەمەوبەدوا ئەم ستەم و نادادپەروەرییە قبووڵ ناکرێت”.
پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن کار بۆ راگرتنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بکەن، چونکە وەکو خۆیان گوتیان، “نەهێشتنی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، لە بەرژوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە. هیچ لایەنێک سوود لەم بڕیارە نابینێت”.
نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە لە نامەکەیاندا ئەوەیان خستەڕوو، “پێکهاتەکان هەمیشە پارێزگارییان لە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی کردووە. هەموو پێکهاتەکان بەیەکەوە هەوڵیان داوە هەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش ببرێت، هاوکات جەخت لە یەکپارچەیی خاکی عێراق کراوەتەوە، بەڵام بە بەداخەوە بۆ ئەو لایەنە سیاسییانەی دڵیان بە هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا خۆشە”.
بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان، وەکو ئەوەی لە نامەکەدا جەختی لێ کرایەوە، “جینۆسایدێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە” دژی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان و، داوایان کرد لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو “زوڵم و نادادپەروەرییە” قبووڵ نەکەن. ئاماژەشیان بەوە کرد، ئەم بڕیارانە “دژی دیموکراسی، بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانن لە هەرێمی کوردستان”.