مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و، پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش لە پێناو كێبڕكێ كردن بۆ بەدەستهێنانی 100 كورسیی پەرلەمان لە هەر چوار پارێزگای هەرێم، ئامادەیی خۆیان دەربڕی.
دوێنێ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 10ـى حوزەیرانی دیاری كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی ئەو ئامارەی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاشكرا كراوە، تا ئێستا 39 پارت و لایەنی سیاسی بە فەرمی تۆماركراون بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن و چاوەڕێ دەكرێت لەگەڵ كردنەوەی دەرگای تۆماركردنی حزبەكان لە 20ـى ئادار ڕێژەكە زیاتر بێت.
دادگای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێكدا 11 كورسی كۆتاكانی هەڵوەشاندەوە و هەرێمی كوردستانی دابەشی سەر چوار بازنەی هەڵبژاردن كرد، بازنەی پارێزگای هەولێر 34 كورسیی، سلێمانی 38، دهۆك 25، هەڵەبجە 3 كورسی پەرلەمانی كوردستانی بەر دەكەوێت.