زارى کرمانجى-ڕواندز:
لە سنوورى قەزاى ڕواندز، نزیکەى ٣ هەزار هاووڵاتى کێشەى پەنجەمۆریان بۆ دروستبووە، دەبێت لەو ماوەیەدا لە بنکەى کۆمسیۆن دووبارە پەنجەمۆریان وەربگیرێتەوە.
وەلید محەممەد، بەڕێوەبەرى بنکەى کۆمسیۆنى ڕواندز، بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند ” لە سنوورى قەزاى ڕواندز 2 هەزارو 850 هاووڵاتى کێشەى نەخوێندنەوەى پەنجەمۆریان بۆ درووستبووە، بە بڕیارى کۆمسیۆنى باڵاى بەغدا، دەبێت دووبارە پەنجەمۆریان وەربگیرێتەوە، ئەگەرنا لە ڕۆژى هەڵبژاردن دووبارە کێشەیان بۆ دروست دەبێتەوە”.
هەروەها گووتیشى” ئەو هاووڵاتییانە لە کاتى هەڵبژاردنى ڕابردوو، پەنجەمۆریان نەخوێندراوەتەوە یان لاواز بووە، بۆیە ئەو کێشەیان بۆ دروستبووە، لە دوێنێوە زیاتر لە 200 هاووڵاتى پەنجەمۆریان دووبارە وەرگیراوەتەوە، لەو رێژەیە 80 هاووڵاتى هەمان کێشەیان بۆ دووبارە بۆتەوە”. ئاماژەى بەوەشکرد، تا ئێوارەى ڕۆژى چوارشەممە 6ى ئادار، بەردەوام دەبین لە تۆمارکردنى بایۆمەترى دەنگدەران و وەرگرتنى پەنجەمۆرى هاووڵاتییان.