زاری كرمانجی-سۆران:
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژۆری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر، ڕاگەیاند: سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا کاریگەری لەسەر کەرتی بازرگانی و وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەتی سەردانی بەڕێزیان بۆ ژووری بارزگانی ئەمریکا کە ئەو ھەموو بازرگان و وەبەرھێنەرە ئامادەبوون، بە وتەی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمریکا دەڵێت: لەمەودوا ھانی بازرگان و وەبەرھێنەرانمان دەدەین بێنە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە، پێموایە گرنگیەکی تایبەت بە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدەن و وەبەرھێنەر و بازرگانەکانیان دەنێرنە کوردستان.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر دەشڵێ: ھاتنی بازرگانە ئەمریکییەکان ڕەنگدانەوەی لەسەر بوژانەوەی ھەرێمی کوردستان دەبێت لە داھاتوودا، ئێستا کۆمپانیای ئەمریکا لەھەرێمی کوردستان هەنە و قەبارەی وەبەرھێنانیان نیو ملیار دۆلارە، بەڵام ئێمە چاوەڕێی کۆمپانیای زیاتر لە ئەمریکا و ھاوبەشەکانی دەکەین، لەڕووی تەکنەلۆژیا و وەبەرھێنان ئەوان زۆر پێشکەوتووترن و دەتوانن ڕۆڵی کاریگەر لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان ببینن.
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: لە رابردوو و ئێستاشدا دەرگای وەبەرھێنان و بازرگانی بۆ ھەموو بازرگان و وەبەرھێنەرێکی بیانی واڵایە، ئێمەیش گرینگی بەو وڵاتانە دەدەین زیاتر گرینگی بە ھەرێمی کوردستان دەدەن، پێشوازی لە وەبەرھێنەر و بازرگانەکانیان دەکەین و ڕێنماییان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەموو کەرتەکان بەشداربن و ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکەین.