شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” وەك هەموومان دەزانین كە تەكنولۆژیا هەموو جیهانی خستۆتە ژێر پەنجەكانی، ئەوەی لەسەرتە تەنها نووسینە لەسەر مۆبایل، كۆمپیتەر یاخود دەتوانین بڵێین تەنها كلیكێكی ماوسەكەیە، بەڵام هەموو ئەوانە ئاسان نابێت ئەگەر كێشەیەك لە دەستەكانت هەبێت، بۆ نموونە هەوكردنی بەستەرەكان و جومگەكان .
د. ئازاد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی مێشك و دەمار، دەڵێت” تەكنولۆژیای سەردەم زۆر شتی بۆ ئێمە ئاسان كردووە، لە بەكارهێنانی مۆبایل و كۆمپیۆتەر، بەڵام كێشەكە لە زۆری دووبارەكردنەوەی جولەی دەست و پەنجەكانە لەسەر كیبۆردەكان، یاخود درێژكردنەوەی پەستان خستنە سەر ماوسی كۆمپیۆتەرە بە پەنجەكان، هەروەها بۆ ئەوانەشی كە مۆبایل بەكاردەهێنن، كێشەكە لە زۆری دووبارەكردنەوەی جولەیە بە دەستێك و گرتنی مۆبایلە بۆ ماوەیەكی درێژ بەدەستەكەی تر.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، دەشڵێت” هەر جولەیەكی هەڵە لەوانەیە زیان بە ماسوولكەكانی دەست و پەنجەكانت بگەیەنێت، بۆیە هەوڵبدە جولەی ناتەندروست بە دەستەكانت نەكەیت، بۆ نموونە لەكاتی بەكارهێنانی ماوس یان كیبۆردی كۆمپیتەرەكەت هەموو هێزت مەخەرە سەر دەست و پەنجەكانت هەوڵبدە تەواوی ماسوولكەی شانت لەگەڵی بەكاربهێنێت.