زاری كرمانجی – سۆران :
بەپێی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی، ئەو خشتەیەی ئێستا بۆ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا ئامادە دەكرێت، هیچ شوێنێك بۆ دەرماڵەكە نییە و بە دەرماڵەی تایبەت نووسراوە، ئاشكراشی دەكات لە بەر ئەوەی لە بەغدا ئەو دەرماڵەیە نییە، لە داهاتوودا ئەگەری بڕینی هەیە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ئامادەكردنی ئەو خشتەیە لە وەزارەتی دارایی، بۆ یەكێك لە میدیاكان قسەی كردووە و دەڵێ ” خشتەكە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی چاودێری دارایی عێراقدا ئامادەكراوە بۆ ئەوەی هاوتای خشتەی مووچەی بەغدا بێت،
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (32) وەزارەت و دەستە پێكهاتووە و بۆیە (32) لیست ئامادەكراوە و دواتر یەك دەخرێت و دەبێتە یەك لیست و دەنێردرێت بۆ بەغدا.”
دەشڵێت “ئەو خشتەیەی دروستكراوە و ئامادەكراوە هیچ شوێنێكی تێدا نییە بەناوی دەرماڵەی (150) هەزار دیناری مامۆستایان، لەبەر ئەوەی ئەو دەرماڵەیە لە عێراقدا نییە لە خشتەی ئامادەكراودا وەك (دەرماڵەی تایبەت) نووسیومانە و جێگەمان كردووەتەوە، بۆیە زەمانەتی نییە ئەو دەرماڵەیە بمێنێت ئەگەر لیستەكە بچێتە سەر بەغدا.”
جێگەی باسە نزیكەی 160 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری پەروەردەیی، سوودمەندی دەرماڵەی ئەو (150) هەزار دینارەن كە نزیكەی (24) ملیار دینارە و ئەو دەرماڵەیە لە هەرێمی كوردستان بە بڕیارێك كراوە.