محەممەد مەحموود- رواندز:
بۆ زیاتر گرنگیدان بە لایەنی گەشتیاری و رەخساندنی هەلی کار لەو شارە، بڕیار وایە لە داهاتوودا چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر خەرەندی رواندز ئەنجامبدرێن.
پارێز یوسف ، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری رواندز بە زاری کرمانجی راگەیاند” خەرەندی رواندز لە رووی جوگرافییەوە شوێنکی زۆر لەبار و گونجاوە بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری لێ بکرێت، سروشتێکی کەم وێنەی هەیە، لە سەر ئەو بابەتە لە گەڵ چەند وەبەرهێنەرێک قسەمان کردووە بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گەشتیاری لەسەر خەرەند”.
پارێز یوسف، گوتیشی ” ئەو کارە ئاسان نییە، لەرووی کارگێڕیشەوە وردەکاری دەوێت، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی بێن لە رواندز پڕۆژەی گەشتیاری ئەنجام بدەن، بەو هۆیەشەوە چەندین دەرفەتی کاری جۆراو جۆر بۆ خەڵکی رواندز دەرخسێن و بوژانەوەیەکی باشی ئابووریش دەبێت .