شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێك، دەڵێت” زۆرێك لە كەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە پرسیاری ئەوە دەكەن ئایا لێنانی برنج بە پڵاوی دەبێتە هۆی نەمانی نیشاستەكەی، رووڵی كۆنتڕۆڵكردنی شەكرە و دابەزاندنی كێشی هەیە؟ لەم بابەتە تەندروستییەدا وەڵامی ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو.
د. كامەران رەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی زانستی خۆراك، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ژمارەیەكی بەرچاو بەتایبەت ئەوانەی نەخۆشی شەكرە و كێشەی قەڵەوی و زۆری كێش و كۆمەڵێك نەخۆشی درێژخایەنی تریان هەیە، دەڵێن” لێنانی برنج بە پڵاو دەبێتە هۆی نەمانی نیشاستەكەی؟ ئەگەر بە پڵاو لێ بنرێت ئەوا كێشەی نییە بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە؟
ئەم پزیشكە ئاشكرای كرد” ئەگەر لەڕووی زانستییەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە ئەوا لێنانی برنج نابێتە هۆی نەمانی نیشاستەكەی، بەڵام بڕێكی دیاریكراو لە نیشاستەكەی واتە كاربۆهێدراتەكەی ناو برنجەكە لەگەڵ بەشێك لە ڤیتامین و پڕۆتینەكەی دەڕوات و بەشێكی زۆری دەمێنتەوە دوای فڕێدانی ئاوی یەكەم، ئەگەر بەشێوەیەكی روونتر ئاماژەی پێبكەم بڕێكی كەمتر لە وزەی تێدایە و لە شیوازەكانی تر باشترە، بە مەرجێك زیاتر لە یەك بۆ دوو كەوچك زەیت یان رۆنی نەقرچێنرێت بە سەریدا، وەك زانراوە برنجی بۆر یان قاوەیی و دەنك درێژ باشترە لە برنجی سپی و دەنك خڕ.
دەشڵێت” ئەوەی گرنگە خەڵك بزانێت خواردنی قاپێكی بچووك نزیكەی دوانزە كەوچكی چێشت برنجی پڵاو لەگەڵ شلەی سادە و زەڵاتە و سەوزە كاریگەری زۆری نییە لەسەر بەرزبوونەی شەكری ناو خوێن و زیادبوونی كێش، ئەوەی كە خراپە ئەوەیە بڕێكی زۆری لێ بخورێت لەگەڵ گۆشت یان مریشك یاخود هەر پەلەوەرێكی تر، واتە كاتێك دەوترێت بە پڵاو بخورێت پێویستە زیادەڕەوی نەكرێت چونكە بەشێكی زۆر لە نیشاستەكەی تێدا دەمێنێت.