ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو : لە نێو گیراوان 9 ژن و 8 منداڵ هەیە
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دەزگا ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی ڕابردوو بە گشتی 111 كهسى له ناوچه جياوازهكانى ئێران دەستگیركردووە كە زۆرینەیان كوردن.
ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڵاوی كردەوە لە ماوەی مانگی شوباتی 2024، زیاتر لە ١١١ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەركراون.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی هەنگاو، ٥٢ هاووڵاتی كورد، ١٦ هاووڵاتی تورك، ١٤ هاووڵاتی بەلووچ و هەروەها ٩ ژن و ٨ منداڵ لە ماوەی مانگی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون و یان ڕفێنراون.
لە نێو دەستگیركراواندا مامۆستای ئایینی و ڕۆژنامەوان و چالاكوانی مەدەنی و هونەرمەند و نووسەر هەن، هەروەها 6 منداڵی كوردیش بە هۆی خۆشی دەربڕین بەرامبەر بە دۆڕان و دەركردنی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە جامی ئاسیا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.