شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” هەرزەكاری قۆناغێكی زۆر گرنگ و هەستیارە و پردی پەڕینەوەی مرۆڤە لە نێوان دوو قۆناغی گرنگی منداڵی و گەنجی، هەروەها گۆڕانكاری گەورە لەلایەنی جەستەیی، فسیۆڵۆژی، هۆڕمۆنی، دەروونی و رەفتاری روودەدات.
د. خاڵس قادر، پزیشكی هەناوی و راهێنەری توانا عەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” تەمەنی هەرزەكاری قۆناغێكی هەستیارە و سەرەتایی هەست بە بوونی خۆكردنە، هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و ناسنامەی كەسی و بڕیاردەر واتە خۆی هەوڵبدات دوور لە كاریگەری خێزان، بەڵام هەموو ئەو گۆڕانكاریانە ئاسایی و كاتین، پێویستییان بە چاودێری و رێنمایی كردن هەیە، چونكە گەشەی مێشكی مرۆڤ لە تەمەنی 25 تەواو دەبێت بەڵام ناوەستێت و بەردەوام خانەكانی مێشك لەنێو دەچن و دروست دەبنەوە بە رێژەی جیاواز.
ئاشكراشی كرد” لە هەرزەكاردا بەشی پێشەوەی مێشك هێشتا تەواو گەشەی نەكردووە ئەم بەشە ناوەندی بڕیاردان و چارەسەری گرفت و شیكردنەوە و لۆجیكە، لەبەر ئەوە بڕیارەكانی هەرزەكار لۆجیكی نین و زۆریان نادروستن، هەرزەكار بۆ شیكردنەوە و بڕیاردان و هەڵسەنگاندن بەشێكی تری مێشك بەكاردەهێنن كە پێی دەڵێن (ئەمێگدڵەڵا) سەنتەری سۆز، لەبەر ئەوە بڕیار و بۆچوونەكانی هەرزەكار سۆزین، تێڕوانینیان بۆ شتەكان لەلایەن سەنتەری سۆزەوە سەرچاوە دەگرێت نەوەك بەشی باڵای مێشك، هەروەها پردی نێوان ئەو دوو بەشەی مێشك سەنتەری باڵا و سەنتەری خواروو هێشتا تەواو گەشەی نەكردووە بۆیە هەرزەكار ناتوانێت كۆنتڕۆڵی خۆی و سۆزەكانی بكات، لە تەمەنی گەورەشدا لە هەندێك كەسدا ئەو بەشەی مێشك و پردی نێوانیان بەباشی گەشە ناكات بۆیە لە گەورەیشدا وەك هەرزەكار رەفتار دەكات .
چۆن مامەڵە لەگەڵ هەرزەكار بكرێت ؟
-خۆت ئارام بكەوە و كۆنتڕۆڵی خۆت لەدەست مەدە
-قبوڵی بكە قبوڵكردن بەو مانایە نییە رەفتار و گوفتاری ئەو راستە، بەڵكو بۆ ئەوەیە یارمەتی بدەی بە نەرمی و هێواشی هێزی پێبدەی خۆی چاكیان بكاتەوە.
-پێی مەڵێ وا مەكە، بەڵكو پیشانی بدە و پێی بڵێ چی بكات، لەبیرت بێت ئەو شتەی پێی دەڵێی مەیكە ئەو دەیكات، هەموو قەدەغەكراوێك ویستراوە ئەوە بە زانستی سەلمێندراوە.
-لێی مەپرسە بۆ واتكرد و وات گووت، چونكە ئەو بەشەی مێشك كە بەرپرسە لە لۆجیك و شیكردنەوە هێشتا پێنەگەیشتووە و ناتوانێت بۆت روون بكاتەوە بۆ وایكرد، لە جیاتی ئەوە پێی بڵێ بۆت باس بكات چی كردووە و چۆن كردوویەتی.
- فشاری لەسەر مەكە لە جیاتی ئەوە كاتی پێبدە ناتوانێت زوو خۆی چاك بكات.
-هاوڕێكانی زۆر كاریگەریان لەسەریەتی، زۆربەی بڕیارەكانی لەژێر كاریگەری هاوتەمەنەكانی خۆیەتی، ئەگەر بە قسەی نەكردی توڕە مەبە، لەو تەمەنەدا كاریگەری هاوڕێكانی زیاترە لە كاریگەری دایك و باوك. - گرنگە خۆت لە گۆڕانكارییەكانی ئەو تەمەنە تێبگەیت و بۆ ئەویش شی بكەیەوە، بزانێت ئەوەی روودەدات لەو قۆناغەی تەمەنی چییە و چۆنە.