دوای ئەوەی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەری شۆرش اسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و شاندێکی سیاسی بە سەردانێک گەیشتە واشنتۆن، سەرۆکوەزیران جگە لە کۆنگرێس لە چوار دامەزراوەی باڵای جێبەجێکردنی ئەمەریکا پێشوازی لێ کرا، ئەوانیش کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، پێنتاگۆن و وەزارەتی گەنجینە بوون.
سەرەتای سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ وەزارەتی دەرەوە بوو، کە لەلایەن ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشوازی کرا، بلینکن لەبەردەم مەسرور بارزانی گوتی؛ پشتیوانی هەرێمی کوردستانی بەهێز دەکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر درێژخایەنە.
دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆشکی سپی کرد، لەوێ سێیەم بڕیاربەدەستی ئەمەریکا کە جەیک سۆلیڤانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی ئەمەریکایە، پێشوازی لێ کرد، و لەسەر چەند پرسێکی گرنگ و ستراتیژی گفتوگۆیان کرد.
کۆشکی سپی وەک بەهێزترین ناوەندی بڕیارە لە جیهاندا، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی جەیک سۆلیڤان و مەسرور بارزانی بڵاوکردەوە؛ جارێکی دیکە دەستەواژەی “کوردستانی بەهێز”ی بە ئاشکرا بە گوێی جیهان دا و جەختی لەوە کردەوە؛ “هەرێمی کوردستان بەتەنها نییە و ئەمەریکا وەک هاوبەشێکی درێژخایەن و جێگەی متمانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، پشتیوانیی چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانە دەکات کە ڕووبەڕووی هەولێر بوونەتەوە.”
سێیەم گەورە دامەزراوەی ئەمەریکا کە بڕیار و سیاسەتەکانی لە هەموو جیهاندا کاریگەرییان هەیە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پێنتاگۆنە، کە پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی لەگەڵ ساشا بەیکەر، بریکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا کۆبووەوە. پێنتاگۆنیش هاوشێوەی دوو دامەزراوە باڵاکەی ئەمەریکا پاڵپشتیی خۆی بۆ کوردستانی بەهێز دووپات کردەوە، هێزی پێشمەرگەشی وەک هاوبەشی ستراتیژیی ئەمەریکا ناوزەد کرد، و قوربانیدانی پێشمەرگەی لە شەڕی تیرۆر بەرز نرخاند.
لەڕووی سەربازییەوە، ئەمەریکا وەک هاوبەش و هاوپەیمانێکی متمانەپێکراوی خۆی، سەیری کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی داعش لە عێراق، ئەمەریکا لە ساڵی 2014 هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و پشتیوانیی خۆی بۆ پێشمەرگە دووپات کردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش لە 2016، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بە مەبەستی هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ کۆتاییهێنان بە داعش واژۆ کرد، دواتر لە مانگی ئەیلوولی 2022 پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد، ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ پێشمەرگە و چاکسازی لە وەزارەتەکە دووپات کردەوە.
هەروەها لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکاش، مانگی ئازاری 2023، لە هەولێر ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەی کرد و ڕایگەیاند؛”پێشمەرگە ڕۆڵێکی گرنگی لە تێکشکاندنی داعش هەبووە، پێکەوە توانیمان 50 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەستی داعش ئازاد بکەین.”
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ بریان نیڵسن، بریکارەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کۆبووەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، پاڵپشتیی چاکسازییە داراییەکانی کابینەی نۆیەمی کرد و سەرۆکوەزیرانیش دڵنیایی دایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی چاکسازییەکان بەمزووانە هەست پێ دەکەن.
لە کۆتایی سەردانەکەیان بۆ واشنتن و لە تێکڕای دیدارەکانیان، لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمەریکا، جەخت لە هاوکاریکردنی بەردەوامی ئەمەریکا بۆ هێزی پێشمەرگە دووپات کرایەوە.