مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە پێناو دابەزاندنی نرخی گۆشتی سور، وەزارەتی كشتوكاڵ ڕەزامەندی داوە بە هاوردەكردنی گامێش.
بڕیار وایە 17 هەزار سەر ئاژەڵ لە جۆری گامێش، لە وڵاتی بەرازیل و لە ڕێگەی ئاوییەوە هاوردەی عێراق بكرێت و وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕاگەیاند “بەپێی شێوازی یاسایی لە ناوخۆی عێراق سەردەبڕێن و لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی ڕەمەزان نرخی گۆشت دادەبەزێت.”
لەسەر بڵاوبوونەوەی دەنگۆی بوونی نەخۆشی لە ناو گامێشەكان، سامر حەبیب حەمزە خەفاجی، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی ڤێتێرنەری، ڕاگەیاند كە تیمێكی پزیشكی تایبەتمەندیان پێكهێنا بۆ پشكنینی گامێشەكان و دڵنیابوون لە سەلامەتی و لە نەخۆشی و پەتاییەكان، دەشڵێت “باری داهاتوو دوورە لە هیچ نەخۆشییەك و ئاژەڵی مردووی تێدا نییە و سەرجەم سەرە ئاژەڵەكان بڕوانامەی تەندروستی وڵاتی ڕەسەنیان پێ یه و پێش داخیلكردنیان بە وڵات كەرەنتینە دەكرێن.”