“ئێران، دادگای فیدراڵی عێراقی كردووەتە ئامرازێك بۆ تێكدانی حكومەتی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی”
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
پێگەی (ئەلمۆنیتۆر)ی ئەمریكی، دوێنێ 1ی ئازار، ڕاپۆرتێكی لە ژێر ناونیشانی(ئەمەریكا پشتگیری لە كوردستانێكی “خۆڕاگر” دەكات) بڵاو كردەوە، لە ڕاپۆرتەكەدا ئەلمۆنیتۆر پیلانی ئێران بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆتایی هێنان بە سیستەمی فیدراڵی عێراق ئاشكرا دەكات و دەڵێ “دادگای فیدراڵی عێراق، بووەتە یەكێك لە دیارترین ئامرازەكانی ئێران بۆ جێبەجێكردنی ئامانج و پلانەكانی تاران و چەند بڕیارێكی دەركرد بۆ نەهێشتنی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەسەر داهاتەكانی نەوت و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.”
ئەلمۆنیتۆر ئاماژە بە دواین قسەكانی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەكات و نوسیوویەتی ” وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی گووت ئەمریكا پشتگیری و پشتیوانی لە كوردستانێكی “خۆڕاگر” دەكات
ئەلمۆنیتۆر لە درێژەی ڕاپۆرتەكەیدا پلانی ئێران لە ڕێگەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە دژ بە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و ڕادەگەیەنێت “پلانی ئێران بریتی بووە لە تێكدانی حكومەتی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی كە لە دەستووری عێراقدا هاتووە. دادگای فیدراڵی عێراق یەكێك بووە لە ئامرازە كاریگەرەكانی تاران لەم ستراتیژەدا، ئەو بڕیارانەی ڕاگەیاندووە كە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی بۆ كۆنترۆڵكردنی داهاتی وزە و مووچەی فەرمانبەرانی كەم كردووەتەوە.”