زاری کرمانجی-سۆران
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ”لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانی ڕەمەزان دەکەین”.
گووتیشی ”ئێمە لەسەرەتای مانگی ڕەمەزاندا دەست بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگی ڕەمەزان دەکەین کە لە ١١ ماددەی خۆراکی پێکدێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لێی سوودمەندببن، بەشە خۆراکی مانگی ڕەمەزان ( نیشاستە، مەعکەرۆنی، ئاردی سفر و شعریە ) زیادکراوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزنەبوونەوەی نرخەکان دەبێت، چونکە بەشێکی پێداویستی هاووڵاتییان پڕدەکاتەوە و بۆیە خواست لەسەر ماددە خۆراکییەکانی بازاڕ زیاد ناکات.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا نرخی ماددە خۆراکییەکان لە بازاڕەکاندا وەک خۆیەتی و بەرزنەبووەتەوە، کاڵایەکی زۆریش لە بازاڕدا هەیە و خواستی هاووڵاتییان پڕدەکاتەوە.
پتر روونیکردەوە، هەندێک بازرگان دەرفەت دەقۆزنەوە، کاڵاکانیان دەشارنەوە و بڕێکی کەمی دەخەنە بازاڕەوە، بۆ ئەوەی نرخەکەی بەرزببێتەوە، هەر بۆیە لێرەوە دەمەوێت هۆشیارییەک بە هاووڵاتییان بدەم، کە پەلە نەکەن لە کڕینی هەموو شتێک بەیەکەوە، چونکە هەموو کاڵایەک لە بازاڕدا هەیە بۆیە پێویست ناکات ٥٠ کیلۆ برنج یاخود ٢٠ دەبە زەیت بەیەکەوە بکڕن، بەڵکو بەپێی پێداویستی ڕۆژانە و هەفتانە شت بکڕن.