شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” دەرهاتنی ئەم موویانە لەو شوێنانەی كە بەشێوەیەكی گشتی موویان كەمە یاخود هەر نەیانبووە.
د. بنار دزەیی، پزیشكی پسپۆڕی ئافرەتان و لەدایكبوون، دەڵێت” دروستبوونی مووی رەق لە خانماندا، ئاماژەیە بۆ گەشەكردنی مووەكان لەو شوێنانەی كە بە شێوەیەكی گشتی مووی ورد و كاڵ گەشە دەكەن یاخود بە هیچ شێوەیەك موویان نییە، وەك سەرووی لێو، چەناگە، سنگ، سك و پشت، ئەم زیادە گەشەكردنی موو بەهۆی بەرزبوونەوە ئاستی هۆڕمۆنی (ئەندرۆجین) دروست دەبێت، هەرچەندە هەموو خانمان لە هێلكەدان و رژێنەكانی ئەدرنال ( ئەندرۆجین ) بەرهەم دەهێنن، بەڵام زیادبوونی ئاستی ئەندرۆجین دەبێتە هۆی دروستبوونی مووی رەق و زیپكە.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات كە هۆكارن بۆ ئەم حاڵەتە، لەوانەش:
-بەهۆی زیاد بەرهەمهێنان یان كاركردنی هۆڕمۆنەكانەوە دروست دەبێت كە پێیان دەوترێت ئەندرۆجین، ئەندرۆجینەكان لەلایەن هێلكەدان و رژێنەكانی ئەدرنالەوە دەردەدرێت بۆ ناو سووڕی خوێن، تاڵە مووەكان وەڵامی ئەندرۆجینەكان دەدەنەوە بە گەشەكردنی مووی ئەستوور و بەرهەمهێنانی چەوری، هۆكارێكی باوی هێلكەدان بریتییە لە نەخۆشی هێلكەدانی فرە كیسی(PCOS) كە دەبێتە هۆی ئەم حاڵەتە.
-نەخۆشی كوشینگ
-زیادبوونی زگماكی ئەدرنال
-وەرەمی دەردانی ئەندرۆجین لە هێلكەدان یان لە رژێنەكانی ئەدرنالدا
-لە هەندێ كاتیشدا هەندێك لە دەرمانەكان دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم مووە رەقە، بۆ ئەمەش پێویستە راوێژ بە پزیشكی پسپۆڕ بكەیت.
د. بنار دزەیی، دەشڵێت” بۆ چارەسەركردنی ئەم حاڵەتە سەرەتا دەبێ هۆكارەكەی دیاری بكرێت، پاشان سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت بۆ چارەسەركردنی بە پێدانی دەرمان و هەروەها بەكارهێنانی ئامێری لەیزەر و تاشین.