شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕ، دەڵێت” سووڕی مانگانە جگە لەوەی لە خانماندا هەیە ئەوا لە پیاوانیشدا هەیە بەڵام بەشێوازێكی دیكە.
د. دلێر زەنگەنە، دكتۆرا (بۆرد) لە نەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ، باسی كۆمەڵێك نیشانە لە پیاواندا دەكات كە ئاماژەن بۆ سووڕی مانگانە و دەڵێت” لەوانەیە ئەو دێرەت پێشتر نەبیستووە بەڵام لە پیاوانیشدا سووڕی مانگانە روودەدات، كە بریتییە لە چەند نیشانەیەك كە لە بەشێكی زۆری پیاواندا روودەدات لەوانەش تێكچوونی باری دەروونی، بێ تاقەتی، زوو هەستكردن بە ماندووبوون، كەمبوونەوەی ئارەزوو و توانای سەرجێیكردن، هەروها هۆكاری سەرەكی ئەم حاڵەتە بریتییە لە تێكچوونی رێژەی هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن كە هۆرمۆنی سەرەكی پیاوە، هاوشێوەی هۆرمۆنی ئیسترۆجینە لە ئافرەتان، ئەم هۆڕمۆنەش رێژەكەی بە شێوەیەكی گشتی لە نێوان 200 تا 800 نانۆگرام لە دیسیلیتێرەكە، بەیانیان ئەو رێژەیە زیاترە و وردە وردە بە درێژایی رۆژ كەمتر دەبێتەوە تاكو شەو.
دەشڵێت” كۆمەلە هۆكارێك دەبنە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی ئەو هۆرمۆنە گرنگترینیان، تێكچوونی شێوازی خواردن و خەو، كەمبوونی جولە و ئەنجامنەدانی وەرزش، جگەرە كێشان و خواردنەوە كەحولییەكان، نەخۆشییە درێژخایەنەكان و دەرونییەكان، هەندێك جۆری دەرمان، قەڵەوی، بە تەمەنداچوون، ئەم حاڵەتە لە زۆربەی كاتەكاندا لەوانەیە چەند كاتژمێرێك یاخود چەند رۆژێك بخایەنێت و ئەگەریش هەیە زیاتر بێت.
ئەم پزیشكە، ئاماژە بە چەند خاڵێك دەكات كە پێویستە لەم حاڵەتەدا ئەنجام بدرێن لەوانە:
-دوور كەوتنەوە لە جگەرە كێشان و خواردنەوە كەحولییەكان
-ئەنجامدانی وەرزش بە رێكوپێكی
-خواردنی سروشتی
-كەمكردنەوەی كێش
-چارەسەكردنی كێشە دەروونیەكان
-سەردانكردنی پزیشكی پسپۆڕ ئەگەر پێویستی كرد