شەهلا رەشید- سۆران:
پزیشكێكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توانا عەقڵییەكان، دەڵێت” كەم خەوی یاخود بێبەشبوون لە خەو واتە بڕی خەوتنەكەت بەشی جەستە و دەروونت ناكات بۆ ئەوەی پشوو بدەن و ئارام ببنەوە.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و توانا عەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” كەم خەوی واتە ئەو خەوەی كە بەشی ئارامبوونی جەستە و دەروونت ناكات، بەشێوەیەكی گشتی كەمتر لە 7 كاتژمێر دادەندرێت، هەندێك سەرچاوە دەڵێن كەمتر لە 6 كاتژمێر، دەكرێت جیاوازی كەسی هەبێت لە بڕی پێویست، ئەوانەی سترێسی ژیانیان زیاترە و مێشكیان ماندووترە، خەوی زیاتریان پێویستە، هەروەها ئەوانەی كە دەروونیان ئارامە خەوی كەمتریان دەوێت.
ئەم پزیشكە، گووتیشی” لەم چەند خاڵانەی خوارەوەدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە كە چۆن كەم خەوی قەڵەوی دروست دەكات؟
-لەكاتی كەم خەویدا، هۆڕمۆنی برسێتی (غرێلین) لە خوێندا زیاتر دەبێت و كەسەكە هەست بە برسێتی دەكات و ئارەزووی خواردنی زیاد دەبێت، لە هەمان كاتدا هۆڕمۆنی تێربوون(لێپتین) لەخوێندا كەم دەبێت، بۆیە كەسەكە كەخواردن دەخوات هەست بە تێربوون ناكات و زێدەڕۆیی دەكات، زۆر خواردن وەرگرتنی وزەی زیاترە و دەگۆڕێت بۆ چەوری و هەڵدەگیرێت لە ورگ و جگەر و شوێنەكانی تری جەستە.
-كاتێك لە خەوتن بێبەش دەبیت هۆڕمۆنەكانی سترێس وەك كۆرتیسۆن زیاتر دەبن لە خوێندا، یەكێك لە كاریگەرییە دیارەكانی ئەو هۆڕمۆنە پاشەكەوتكردنی وزەی زیادە لە شێوەی چەوری بەتایبەت لە ناوچەی ورگ.
-كەم خەوی دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەستیاری خانەكان بۆ هۆڕمۆنی ئەنسۆلین، بەمەش بڕێكی زیاتر لەو هۆڕمۆنە دەردەدرێت و بەرگری ئەنسۆلین لە جەستە دروست دەبێت، ئەمەش هۆكارە بۆ شەكرەی جۆری دووەمی و كۆنیشانی X كە یەكێك لە نیشانە دیارەكانی قەڵەوییە.
-خاوبوونەوەی زیندەكرداری جەستە و هێواشی هەرسكردن.
-كەم خەوی لە شەودا، ئارەزووی خواردنی شیرینی چەوری لە رۆژدا زیاتر دەكات و هەروەها دەبێتە هۆكاری هیلاكی و ماندووبوونی جەستە و ئارەزووی جولە و وەرزشكردن كەمتر دەكاتەوە.
د. قادر خاڵس، گووتیشی” بۆ ئەوەی خۆتان و مندالەكانتان قەڵەو نەبن باشترە خەوتان رێك بخەن و شەوانە حەفت بۆ 9 كاتژمێر بخەون.