زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ئەو کۆنگرێسمانە ئەمەریکییە کۆبووەوە، کە ساڵی رابردوو پێشنیازیکرد ئەمەریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی بداتە هێزی پێشمەرگە. پێشنیازەکەشی پەسەندکراوە و لە بودجەی بەرگریی ئەمەریکا بۆ 2024 جێگەی کراوەتەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆن بەیکن، کۆنگرێسمان و هاوسەرۆکی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێسی ئەمەریکا رایگەیاند، “پێزانینمان هەیە بۆ رۆڵی گرووپی پاڵپشتیی کورد لە کۆنگرێس، گرنگە قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت”.
دۆن بەیکنیش دووپاتیکردەوە، “هەمیشە دەنگی کوردستان دەبین لە ئەمەریکا، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان”.
دۆن بەیکن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە، لە پارتی کۆمارییە و بە دۆستی کورد ناسراوە. لە 21ی حوزەیرانی 2023 لیژنەی خزمەتگوزاریی چەکداریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پێشنیازەکەی دۆن بەیکنیان بۆ پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزی پێشمەرگە پەسەند کرد.
پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی، چەک و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لە بودجەی بەرگری ئەمەریکا بۆ 2024 جێگەی کراوەتەوە، بودجەی بەرگریش بۆ 2024، 886 ملیار دۆلارە، دوای ئەوەی کۆنگرێس پەسەندی کرد، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکاش لە 22ی کانوونی یەکەمی 2023 واژۆی کرد.
1ی شوباتی 2024یش ئەو وادەیە دەستیپێکرد، کە دەبێت وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیری دەرەوە دەست بە داڕشتی پلانی کرداری بکەن بۆ پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی، چەک و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق، پێویستە لە 90 رۆژدا وەزیری بەرگری پلانەکە جێبەجێبکات، تەنیا لە حاڵەتێکدا دەتوانێت دوایبخات، ئەگەر زانرا، کاریگەری لەسەر جبەخانە و توانای بەرگریی ئەمەریکا دەبێت.
کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا
ئێوارەی رۆژی شەممە، 24-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فەرمی و بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
رۆژی دووشەممە، 26-02-2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەیەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە “هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە”.
هەر لە میانی سەردانەکەی بۆ واشنتن؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێگر، بریکار و یاریدەدەرانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە و دۆخی شنگال، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی کەرتی وزەیان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئەنتۆنی بلینکن؛ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسیان لە گرنگی هاوبەشییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردووە”.
ماتیۆ میلەر باسی لەوەشکرد: “وەزیری دەرەوە، بلینکن پشتیوانی خۆی بۆ هەماهەنگی بونیادنەرانە لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و یەکگرتووییەکی زیاتر لە نێوان هەرێمی کوردستان دەربڕی بۆ بەهێزترکردنی سەقامگیری و بووژانەوەی ئابووری بۆ خەڵکی عێراق”.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ماتیۆ میلەر روونیکردەوە: “ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری دەرەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە، چەند جارێکی دیکەش کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە. دەمانەوێت ئەو گفتوگۆیانەی هەمانبووە بەردەوامی پێبدەین”.
یاداشتەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
لەمیانی سەردانەكەی بۆ واشنتۆن؛ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دەفتەری یاداشتەكانی یادگاریی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، چەند دێڕەکی نووسی.