حسەین یەزدانپەنا
بۆ ئەو نەتەوە و گرووپە مرۆڤییانەی چەرخی گەردوون بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی و ئامانجەكانی ئەوان دەسووڕێ و لە عەرز و ئاسمانەوە شەڕی شەیتان و بەڵای ناگەهانیان بۆ تاین دەبێ و هەڕەشەیان لەسەرە، هەبوونی سەركردەی كاریزماتیك، مەكینەی خۆڕاگریی و ڕەواندنەوەی هەڕەشەكان و هەنگاونان بەرەو دۆخی ئازادییە.
ئەو نەتەوە و گرووپە مرۆڤیانە ئەگەر هەموو ئامرازە مادییەكانی هێزیان لە كیس دابێت یان لە دەستدا نەبێت، هەبوونی سەركردەی كاریزماتیك، هێز و سەرچاوەی هێز و بەرهەمهێنی هێزە. ڕێبەرانی كاریزماتیك خۆیان ڕادەستی ڕیال پۆلیتیك ناكەن و نابنە كۆیلەی پارسەنگیی هێز. ئەوان بە بەرهەمهێنانی دیسكۆرس و بە پەیام و هەڵوێستەكانیان، بەرەنگاری كەتواری داسەپاو دەبنەوە، سازش لە سەر بەها و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان ناكەن و هاوكێشەی هێز دەگۆڕن….. مەسعوود بارزانی لەو سەركردانەیە.
دیمانەكەی ڕادیۆی مۆنتیكارلۆ، ئاوێنەی تەواونوێنی ئەو تایبەتمەندییانەی بارزانی یە. سەركردەی هەرێمێكی خاوەن ژئۆپۆلیتیكی نەگبەتی گەمارۆدراوی پیلان لەسەری بەر هەڕەشە و هێرشی هاژەكی لە ناوخۆدا ناكۆك،سڵ ناكا لە ڕەتكردنەوەی سیاسەتەكانی بەغدا ، سیستەمی ناهاوسەنگ و قەیرانخوڵقێنی ناوچەكە دەخاتە ژێر پرسیار، خاوەندارێتیی لە خوێنی خێزانی بێتاوان و ئاشتیخوازی نەتەوەكەی لە بیرناكات و بە هەڵوێستەكانی ڕۆحی خۆڕاگریی و ملنەدان بە هەڕەشە و هێرشە فرە ڕەهەندەكان بە بەر خەڵكەكەی و سەربازانی نیشتماندا دەكاتەوە. ئەو بە پەیڤەكانی ئاواتەكان پیرۆز ڕادەگرێ و هیواكان سەوز. ئەو پشت بە سەدان هەزار گەنجی تەیار بە چەك و بیر و ئیرادە دەبەستێ و دەیەوێ بەرە و داهاتوویەكی باشتر سەركردایەتییان بكات.