مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سەرۆكی ئەرمینیا گەیشتە هەولێری پایتەختی كوردستان و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لێكرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی شوبات، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە ڤاهاگن خاچاتوریان، سەرۆككۆماری ئەرمینیا كرد و لە دانیشتنێكی كورتدا هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی پەیوەندی ئابووری و بازرگانیی و دۆستانەی نێوان كوردستان و ئەرمینیا كرد.
وا بڕیارە سەرۆكی ئەرمینیا لە سەردانەكەی دا بۆ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری ئەرمەنەكان لە كوردستان و خولەكانی ڕابردووی پەرلەمان كۆ ببێتەوە و قسە لەسەر بارودۆخ و گوزەرانی ئەرمەنەكان لە كوردستان بكەن.
سەرۆككۆماری ئەرمینیا چەندین گەورە بازرگانی وڵاتەكەی یاوەری دەكەن لەو سەردانەیدا و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دیدارێكی فراوانیان دەبێت لەگەڵ ژووری بازرگانی هەولێر.
هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا، پەیوەندییەكی مێژووییان هەیە و زیاتر لە 400 هەزار كورد لە ئەرمینیا دەژن و بە پێی ئامارە نافەرمییەكان كورد %1.1ی دانیشتووانی ئەرمینیا پێك دەهێنن، هەروەها لە هەرێمی كوردستانیش نزیكەی 3 بۆ 4 هەزار ئەرمەنیی دەژن و لە خولەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان نوێنەریان هەبووە.

































































