زاری کرمانجی – سۆران :
بە مەبەستی بەدواداچوون لە گرفتەکانی گودی سیتکان لە سنووری ناحیەی دیانا، ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە یاوەری ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری دامو دەزگا پەیوەندیدارەکان، لەنزیکەوە لەگەڵ خەڵکی گوندی سیتکان دانیشتوو و گوێی لە خواست و داواکاری خەڵکی گوند گرت.
لەم بارەیەوە هەژار حەکیم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند ” سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەڵگورد شێخ نەجیب، بە یاوەری قائیمقامی قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران ڕەجەب زوبێر و بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، سەردانی گوندی سیتکانی کرد لە سنووری ناحیەی دیانا لە قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران”.
هاوکات هەژار حەکیم باسی لەوەشکرد ” لە دیدارێکدا لەگەڵ ھاوڵاتیانی گوندەکە، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پێداویستی و کەموکورتییەکانی گوندەکەی کۆڵیەوە بۆ دابینکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ھاوکات بڕیاریدا بە چارەسەرکردنی بەشێکی گرفتەکان و بەشێکیشیان بخرێنە پلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ جێبەجێکردنیان”>
جێگەی ئاماژەیە ھەریەک لە بەڕێوەبەری پلان، بەڕێوەبەری چاکردنەوەو پاراستنی رێگاوبانی سۆران، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.