زاری كرمانجی-سۆران
چاودێری سیاسی دەڵێت، بەدرێژایی مێژوو هەمیشە دوژمنان و داگیركەران ویستوویانە دژ بە گەلەكەمان پیلانگێڕێ بكەن، بۆ ئەوەی خاكمان داگیر بكەن و لەنێومان ببەن، هەمیشە سوودیان لە كەلێنی نێو خۆیمان وەرگرتووە.
نەسرەت سۆفی، چاودێری سیاسی، دەشڵێت : ” بەدرێژایی مێژوو هەمیشە دوژمنان و داگیركەران ویستوویانە دژ بە گەلەكەمان پیلانگێڕێ بكەن، بۆ ئەوەی خاكمان داگیر بكەن و لەنێومان ببەن، هەمیشە سوودیان لە كەلێنی نێو خۆیمان وەرگرتووە، لەم بۆشایە زۆر بەسانایی هاتوونەتە ژوورێ و ئەوەی ئێستاش لە دژمان دەیكەن هەمان زنجیرەی درێژ كراوەی مێژووە لەجیاتی ئەنفال و كیماباران و خاپووركردنی لادێیەكان و بۆمب و فڕۆكە، بە چەكی دادگە و یاساوە دەیانەوێت هەموو شتێكمان ببەن و دیسان ئەم نیشتمانە بكەنەوە بە وێرانەو بمان گەڕێننەوەخاڵی سفر”.
ئاماژەبەوەش دەدات: ” مەترسییەكانی ئەم چەكە نوێیەش بە ئاشكرا دیارن و كاریگەرییەكانیشیان دیارە، بۆ ئەمەش ئەو ناتەبایی و ناكۆكییەیان قۆستووەتەوە كە لەنێوخۆماندا هەیە، ئەگینا هەرگیز ناتوانن ئەمە بكەن و بە ئاسانی بڕیار دژی كوردستان بدەن، بەڵام تاوەكو كەسانێك هەبن رێنیشاندەرو رێخۆشكەربن بۆیان، ئەوان ئاسانتر دەتوانن لاوازمان بكەن، هەندێك كەس و لایەن وەك كەواسووری بەر لەشكر، چاوساخ و رێنیشاندەرن و داوایان لێدەكەن بێن ئەم ئەزموونە لاواز بكەن”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: “بەداخەوە رۆژ بەرۆژ زیاتر و زیاتر قورگمان دەگرن، پێشینانیش گوتوویانە دار كرمی لەخۆی نەبێت تەمەنی هەزار ساڵە.