زاری كرمانجی-سۆران:
بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری نووسراوێکی گشتاندووە و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی لە بڕیاری وەرزی قەدەخەی راوی ماسی ئاگادارکردووەتەوە.
نووسراوەکە بە ژمارەی 569 ئەمڕۆ چوارشەممە (28ی شوباتی 2024) دەرچووە و بڕیاردراوە لە (5/3/2024 تاوەکوو 15/6/2024) لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، جگە بەنداوی مووسڵ وەرزی قەدەخەی راوکردنی ماسییە، بەڵام لە 16/6/2024 بڕیارەکە کۆتایی دێت و راوکردن ئاسایی دەبێتەوە.
هەروەها لە (1/4/2024 تاوەکوو 1/7/2024) راوکردنی ماسی لە بەنداوی مووسڵ قەدەخە دەبێت و لە (2/7/2024) راوکردن ئاسایی دەبێتەوە.
هەر لە نووسراوەکەدا هاتووە، لە هەموو کاتەکانی ساڵدا راوکردنی ماسی بە کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون ورد قەدەخەیە، بۆیە بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری تەواوی هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، کە پابەندی بڕیارەکان بن و لەم ماوانەی دیاریکراون، کە بە وەرزی قەدەخەی راوکردن ناوبراوە سەرپێچی نەکەن.
ئەو ماوانەی بۆ قەدەغەی راوی ماسی دیاریکراوە، بە ماوەی دانانی گەرای ماسیی و ماوەی زیادبوونی سامانی ماسی هەژمار دەکرێت، بۆیە راوکردن تێیدا قەدەخەکراوە.