هاووڵاتییانی سفیل قوربانییە بێ تاوانەكانی نێوان توركیا و پە*كە*كە
” ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە سنووری ئیدارەی سۆران هەیە”
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، دەوڵەتی توركیا لە پلانیدایە لە بەهاری ئەمساڵدا ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان لە دژی چەكدارانی پە*كە*كە لە سەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژهەڵات و باكوور ئەنجام بدات، بەپێی هەواڵەكان بەشێكی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لە چیاكانی سەر سنووری قەزای سیدەكانەوە دەست پێ دەكات و درێژ دەبێتەوە بۆ چیاكانی قەندیل و هەر وەها شنگالیش دەگرێتەوە.
هەندێك لە میدیا ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بە ئەگەری ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە داوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو وەزیرانی دەرەوە و بەرگری توركیا سەردانی بەغدایان كرد و لە ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەغدایان ئاگادار كردۆتەوە .
شارەزایانی بواری سەربازی پێیانوایە ” ئەگەر هێزەكانی توركیا مەبەستیان بێت لە چیاكانی نێوان باشوور ، رۆژهەڵات و باكووری كوردستان ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدەن بۆیان ئاسان نابێت لەبەر ئەوەی پێكهاتەی جوگرافیای ئەو شوێنانە زۆر سەختن و كارێكی ئاسان نابێت، بە تایبەتی ئەگەر هێزی پیادەی تێدا بەكار بهێندرێت”.
بەپێی ئەم هەواڵانە بەشێكی بەرفراوانی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەوێتە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە زیاتر سنوورەكانی قەزای سیدەكان، چۆمان و ناحیەی وەرتێ دەگرێتەوە.
چەندین ساڵە هێزەكانی پە*كە*كە بوونەتە هۆكاری تێكچوونی دۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بیانوو دەدەنە دەست هێزەكانی توركیا بۆ بۆردوومان و تۆپبارانكردنی هەرێمی كوردستان و تا ئێستا زیاتر لە 600 گوند بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پە*كە*كە ئاوەدان نەكراونەتەوە و دەیان هاووڵاتی سڤیلیش بوونەتە قوربانی، هەروەها چەكدارانی پە*كە*كە، جگە لە رێگریكردن لە ئاوەدان كردنەوەی گوندەكان و وەرگرتنی سەرانە لە جوتیاران و كاسبكاران خەریكی دارشتنی پیلانن لە دژی هەرێمی كوردستان.