زاری كرمانجی – سۆران:
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی فەرمی بانگهێشتنی ئەمریكا كرا و لەگەڵ وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لەسەر چەند پرسێك كۆبوونەوە، مامۆستایەكی زانكۆ بۆ زاری كرمانجی باسی گرنگی سەردانەكە دەكات.
د.مەهدی ستوونی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەو كات و سات و دۆخە ئاڵۆزە، سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵایی وڵاتێكی زڵهێزی وەك ئەمریكا گرنگ و تایبەت مەندی خۆی هەیە، لە داهاتووش ئەنجام و رەنگدانەوەی سەردانەكە بەسەر دۆخی سیاسی و تەنانەت ئابووریش بەسەر كوردستانەوە دەبێت.
ئەو مامۆستای زانكۆ، دووپاتی كردەوە، هەرێمی كوردستان لەلایەن میلیشیای ئێرانەوە و بەشێك لە لایەنە شیعەكان دژایەتییەكی زۆری لەگەڵ دەكرێت، دادگای فیدڕاڵی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و دژی كورد بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان بەكاردەهێنن، لە هەمان كات لە رێگەی دڕۆن و بڕیاری دژ بە هەرێم و قەوارەی دەستووری تا ئەجێندای خۆیان فەڕز بكەن، بۆیە ئەو سەردان و كۆبوونەوانەی سەرۆكی حكومەت لە واشنتۆن گرنگی و تایبەت مەندی خۆی هەبوو.
د. مەهدی ستوونی، ئاشكراشی كرد:” لەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەت پاڵپشتی ئەمریكا بۆ كورد بەدەستهێنرا، بەرپرسانی باڵایی ئەمریكا بە شێوەی فەرمی رایانگەیاند:” رۆڵی كورد لە خەبات و قوربانیدان لەبەرچاوە، لە كاری هاوبەش بەردەوام دەبین و پاڵشتی بەردەوامی كورد دەبین، ئەو سەردانە، دەرفەتێكیش بوو، بۆ باسكردنی هەموو ئەو گرفت و ناكۆكیانەی عێراق لەگەڵ كورد هەیەتی بە تایبەت جێبەجێ نەكردنی دەستوور، بۆیە بە دڵنیایەوە سەردانەكە لە هەموو روێكەوە گرنگ بوو، وادەكات پێگەی كورد لە ناوچەكە بەهێزبێت.
گووتیشی:” دەستەبەر كردنی مافە دارایی و دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان، رێز لێنان لە سیستەمی فیدڕاڵی و كیانی دەستووری و پاراستنی مافە نەتەوە و پێكهاتەكان، دەستپێكردن و رەوانە كردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەمانە مەلەفی گەرم بوون سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریكا گفتووگۆی لەسەر كردووە.