مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
گۆرانیبێژێكی كورد كە ماوەی ساڵ و نیوێكە لە زینداندایە و لە نامەیەكی كراوەدا كە ئاراستەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری كۆماری ئیسلامی ئێرانی كردووە، دەڵێ “هیچ شتێك نەماوە بەسەرمدا نەیهێنن، لە سێدارەدانم بە شێوەی دەستكرد تا گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەی دەروونی. ژیانم بە تەواوی لێوەرگرن و ڕزگارم بكەن.”
سامان یاسین، كوڕە گۆرانیبێژی كوردی كرماشان ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە تۆمەتی بەشداریكردن لە شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی) ماوەی 18 مانگە خراوەتە زیندان، ئەو لە نامەیەكدا باس لە دۆخی نالەباری خۆی دەكات لە زیندان و نووسیویتی “نازانم هۆكاری ئەو هەموو تووڕەیی و ڕق و كینەیەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەرامبەر بە من چییە؟ داواتان لێ دەكەم لە سێدارەم بدەن! من بەرگەی زیندان و ئەم دۆخەم لەسەر تاوانێك كە نە من و نە ئێوە دەیزانن چییە، نییە. تكایە سزای لە سێدارەدانم بۆ دەربكەن!”
سامان لە درێژەی نامەكەیدا كە لە زیندانی قزڵحەساری شاری كەرەجەوە ئاراستەی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری كردووە دەڵێ “ماوەی 18 مانگە بەبێ هیچ بەڵگەیەك زیندانی كراوم و لەو 18 مانگەشدا چەندین جار وادەی دادگاییكردنم بۆ دیاری كراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لەو دادگایانە بەڕێوەنەچووە.”
لە مانگی 9 ی ساڵی 2022، لە كاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی ئێران، سامان دەستبەسەر كراو دواتر بە تۆمەتی ‘موحاریبە’ تۆمەتبار كرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دواتر پێداچوونەوە بە سزاكەیدا كرا و دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانەكەی هەڵوەشاندەوە.
سامان لە كۆتایی نامەكەیدا باس لەوە دەكات كە لە زینداندا ڕووبەڕووی كۆمەڵێك كێشەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە و لەلایەن كارمەندانی زیندانەوە لە خزمەتگوزاری پزیشكی بێبەش كراوە، بۆیە داوا لە بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری دەكات ئەگەر تاوانبارە، ئەوە پێویستە تاوانەكەی ڕابگەیەنێت و ئەگەر بێ تاوانیشە ئازاد بكرێت.