مەرج نییە هەموو جار كاردانەوەكانت لە ئاست ناحەزان و دوژمنان، هەمان رەفتار بێت كە لە ئاست خۆت و نەتەوە و نیشتمان دەكرێت.
وەڵامی مووشەك، درۆن، گوشاری ناحەزان و داگیركەران و پیلانی دوژمنكارانەی ئەم دوایەی رووبەڕووی كوردستان كران، و سەرچاوەكەی هزری شۆفێنییەت و رەتكردنەوەی مافی نەتەوەیەكی 70 ملیۆنییە، بە درۆن وڵامی پێویستی خۆی وەرناگرێتەوە، بە پێچەوانەوە زیانی زیاتر دەبێ و بۆیەش ئەم هێرشانە دەكرێن كە كاردانەوەی هاوشێوە ببینن و زەمینە بۆ هێرشی زیاتر برەخسێنن.
كە ئەم ژیرییەی سەركردایەتی سیاسی كوردی بە تایبەتی پارتی بەدی كرا، پەنا بۆ پیلانی دیكەی هەستیار بردرا، ئەویش ئابلوقەی ئابووری، بەكار هێنانی شۆفێنییەكانی ناو پەرلەمانی عێراق، دادگای بەناو فیدڕاڵی، وەزیر و باقی كارەكتەرەكانی ناو كابینەی حكومەت وەك وەزیری دارایی.
بەڵام ئەزموونی درێژ خایەنی شۆڕش و سیاسەتكردنی دەیان ساڵەی سەركردایەتی سیاسی كورد ( پارتی) وایخواست لە ئاست ئەم رەفتارانە بێ دەنگی هەڵبژێرێت، لە پێناو رزگار كردنی كیانی هەرێمی كوردستان و كوردستانیان، لە پەنای ئەم بێ دەنگییە و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە وەڵامی قوورسی ناحەزانی دایەوە.
سەردانی مێژوویی سەرۆكی وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی بۆ لوتكەی جیهانی داڤۆس و گەیاندنی پەیامی نەتەوەیەك بۆ هەموو سەركردەكانی جیهان و رەتكردنەوەی دانیشتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران وەك گورزێكی كەمەر شكێنی چاوەڕوان نەكراو بوو، بە تایبەتی بۆ ئێرانییەكان، لەبەر ئەوەی پێیان وابوو كورد زۆر موشتاقی دیداریانە و سەركردەیەكی كوردیان لە زەمەنە نەبینیوە دانیشتن لەگەڵ ئەوان رەتكاتەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە بانگهێشتی فەرمی مەسرور بارزانی بۆ لوتكەی حكومەتەكان، سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ میونشن، دواتریش بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ ئەمریكا، هەموویانی تاساند.
هەمیشە كەسی بچووك و عەقڵی بچوك بەدوای شتی بچووكەوەیە، مرۆڤی مەزن دەتوانێت بە عەقڵی مەزنەوە بنیادنان بكات.
سووڕانەوە لە ناو بازنەی عێراقچییەتی بەرهەمی بڕینی قوتی خەڵك و گەمارۆ و لاواز كردنی كیانی سیاسی كوردستان بوو، دەرچوون لە بازنەی عێراق چییەتی بیری دەوڵەتمەداری دەوێ تا هەموو پیلانەكانی ناوخۆیی پووچەڵ بكاتەوە، ئەوانەی دڵخۆشن بە بڕیارەكانی حكومەت و دادگای عێراق بۆ مەرامی سیاسی حزبی بچووك هەر لە بازنەی تێر بوونی سك دەسووڕێنەوە، ئەوانەشی بە عەقڵی مەزن بیر لە ئازادی و رزگاری و بنیادنانی دەوڵەت دەكەنەوە، هەمیشە رووی لوولەی چەكەكانیان تێدەكرێت، بەڵام بە ژیرانە و خۆڕاگرانە لێی رزگار دەبن، ئەمە مێژوو پێمان دەڵێت.
بۆیە دڵنیام شتی مەزن بۆ كوردستان بەڕێوەیە و سیاسەتی بەجیهانی كردنی دۆزی كورد سەركەوتنی مەزن بەدەست دێنێ.
لە یاسای جەنگڵستانیش وایە شێر راو دەكات، ریویش پاشماوەكەی دەخوات.