زارى کرمانجى-سۆران:
وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا نە بڕیاری دادگای فیدڕاڵیی عێراق و نە قسەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی نەگەیشتووەتە دەستمان تا بزانین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.
هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێکدا رایگەیاند، تا ئێستا ئێمە وەک وەزارەتی دارایی هەرێم هیچ وەڵامێکی فەرمیمان نەداوەتەوە بە وەزارەتی دارایی عێراق، چونکە هیچ نوسراوێکی فەرمیمان بەدەست نەگەیشتووە و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیش پێویستییان بە روونکردنەوە هەیە کە پێمان نەدراوە.
لەبارەی دروستکردنی هەژماری بانکییەوە، کە وەزیری دارایی عێراق رۆژی دووشەممە باسی لێوەکرد، وتەبێژەکەی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، ئێمە نزیکەی ساڵێکە پڕۆژەی “هەژماری من”مان دروستکراوە و پڕۆژەکە کەوتووەتە سەر رێگەی خۆی و تەنها لە هەولێر نزیکەی 210 هەزار مووچەخۆر خراوەتەسەر هەژماری من و لە سلێمانیش دەست بە پڕۆژەکە کراوە.
هونەر جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت حکومەتی عێراق نوسراوی فەرمی بە حکومەتی هەرێم بدات و ئەمەی دەکرێت دروستکردنی کێشە و بیانووە، چونکە لەم کابینەیەدا لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا دەبوایە عێراق 59 ترلیۆن و 29 ملیار دینار بنێرێت بۆ هەرێم بەڵام تەنها 13 ترلیۆن و 401 ملیار دیناری ناردووە کە بەشی زۆری قەرز بووە و وتیشی، “عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان بچەوسێنێتەوە.”
باسی لەوەشکرد، دەکرێت سوود لە بانکە ئەهلییەکان وەربگیرێت و ببەسترێتەوە بە بانکی ناوەندیی عێراقەوە و لە رێگەی ئەوانەوە مووچەی مووچەخۆران دابەش بکرێت.
لەبارەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی شوباتەوە هونەر جەمال رایگەیاند، هەموو مانگێک لیستی وەزارەتەکانمان ناردووە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق و لەبارەی لیستی مووچەی مووچەخۆرانەوە وتی، “نازانین داوای چ لیستێک دەکەن.”