هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران تەقەی راستەوخۆیان لە كۆڵبەرێك كرد و بەهۆیەگیانی لەدەستدا، كۆڵبەرێكی دیكەش بریندار بوو.
رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە” ئەمشەو كۆڵبەرێك بە ناوی (سەید جەعفەر فەرەجی) خەڵكی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز لە كاتی كۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی سوپای پاسدارانی ئێران كوژرا”.
كۆڵبەرەكە تەمەنی (42) ساڵە و خێزاندار و باوكی دوو منداڵە بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار كە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە” تەرمی ئەو كۆڵبەرە لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیوبی شاری بانە گواستراوەتەوە”.
هاوكات كۆڵبەرێكی دیكەی خەڵكی سەقز بە ناوی سالار كە لەگەڵ سەید جەعفەر بووە برینداربووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
بەپێی ئامارێكی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 22 كۆڵبەر لە سنوورەكانی شاری بانە كوژراون و 116 كۆڵبەری دیكەش برینداركراون.