زاری كرمانجی-بلێ
ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی بلێ بڵاوی كردووەتەوە، بۆ یەكەم جار لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جۆرە نەشتەرگەرییەك لە نەخۆشخانەی گشتی بلێ، لە دەڤەری بارزان ئەنجام درا.
ئەوەش خراوەتەڕوو: ” ئەنجامدانی نازووری بۆڕی زراو (ERCP) بۆ نەخۆشێكی تەمەن سەروو ٨٠ ساڵ كە كێشەی بەردی بۆڕی زراوی هەبوو ، نەخۆشەكە ئازاری ناوسك، زەردوویی و تای بەرزی هەبوو، ئەم جۆرە نازوورە بۆ یەكەم جارە لە نەخۆشخانەكەمان و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دەدرێت”.
ئاماژەش بەوەدراوە: ” نەشتەرگەرییەكە لەلایەن پزیشكی پسپۆر دكتۆر جەعفەر تاهیر حەسەن، پسپۆری نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ، پسپۆری ووردی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرس و جگەر و پێبینی( نازوور) گەدە و كۆڵۆن و بۆڕیەكانی زراو، بە هاوكاری دكتۆر ثائر پزیشكی پسپۆری هەناوبینی. پسپۆری سڕكردن دكتۆر سامی عیان، یاریدەدەرانی نەشتەرگەری و سڕكردن بریتی بوون لە سەمیر، پۆڵا، سەركار، محەمەد، بەندین، بەرخەوان، نازدار، بەفرین”.
هێماشیان بۆ ئەوەكردووە: ” بەپێویستی دەزانین دەستخۆشانە لە جەنابی (مەلامستەفا بارزانی) و نووسینگەی بەڕێزیان بكەین، كە هاوكار و پاڵپشتی سەرەكین بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی، بۆ زیاتر خزمەت كردنی هاووڵاتییان.