مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەر لە خۆسووتاندنی ڕاگەیاند كە چیتر نابێت بە بەشێك لەو كۆمەڵكوژییەی لە غەززە دەكرێت.
فڕۆكەوانێكی هێزی ئاسمانی ئەمەریكا بە ناوی ئارۆن بۆشنڵەی تەمەن 25 ساڵ، دوێنی 26ـى شوباتی 2024، لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە واشنتۆن، خۆی سووتاند.
ڕۆژنامەی”نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی لەمبارەوە هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوەو نووسیویەتی كە ڕۆژێك بەر لە خۆسووتاندنی، ئارۆن چووەتە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و لە پەخشێكی ڕاستەوخۆ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس ڕاگەیاندووە كە ناوی ئارۆن بۆشنڵە و ئەندامێكی چالاكی هێزی ئاسمانی ئەمریكایە، ئەو لە گرتە ڤیدیۆیەكە دا دەڵێ “ئیدی بەشداری ئەو كۆمەڵكوژییە ناكەم، خەریكە كارێكی توندڕەوانە ئەنجام دەدەم. بەڵام بە بەراورد بەوەی خەڵك لە فەلەستین، لەسەر دەستی ئیسرائیل بینیویانە، كارەكەی من هەرگیز توندڕەوانە نییە.”
بەر لە خۆسووتاندنی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل، هاواری كردووە ئازادی بۆ فەلەستین.
دوای ڕووداوەكە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پێنتاگۆن) خۆسووتاندنی سەربازێكی هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی بە كارەساتێكی دڵتەزێن ناو برد و ڕاگەیاند “پاش 24 كاتژمێر لە ڕووداوەكە و ئاگاداركردنەوەكانی خزم و كەسوكاری، زانیاریی زیاتر لەبارەی ڕووداوەكە ئاشكرا دەكەین.”
ئارۆن بۆشنڵە خەڵكی ویلایەتی تێكساسە و شەوی ڕابردوو بە هۆی كاریگەری برینەكانی گیانی لە دەستدا.