زارى کرمانجى-سۆران:
بۆ چۆنیەتیی مۆڵەتی خوێندنی بەشێكی فەرمانبەران، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارێكی تازە جێبەجێ دەكات و کە تێدا هاتووە “ئەوانەی لە ماوەی دیاریكراودا بڕوانامە بەدەستنەهێنن، درێژكردنەوەی مۆڵەتی خوێندن نایانگرێتەوە.”
بەپێی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كە لە 13ی2ی 2024 دەرچووە، باس لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ مۆڵەتی خوێندنی فەرمانبەران كراوە.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەکراوە “سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی میلاكن و بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و بەرەو خوارەوە داوای مۆڵەتی خوێندن دەكەن، پێویستە لە كاتی پێدانی مۆڵەتی خوێندن بەڵێننامەیەك پڕ بكەنەوە.”
سەبارەت بە وردەكاریی بەڵێننامەكە، زیاتر روونکراوەتەوە: “دەبێت بەڵێن بدەن، كە لە ماوەی دیاریكراودا بڕوانامە بەدەست بهێنن، بەپێچەوانەوە، لە كاتی دەرنەچوون لە هەر ساڵێكی خوێندن، دەستبەجێ بە فەرمانبەری سەرنەكەوتوو هەژمار دەكرێت و لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.”
جەختیش كراوەتەوە: “ئەوانەی لە ماوەی دیاریكراودا بڕوانامە بەدەستناهێنن، درێژكردنەوەی مۆڵەتی خوێندن نایانگرێتەوە.”
بەپێی یاسا، وەزیری پەیوەندار بە رەزامەندیی وەزیری دارایی، بۆی هەیە مۆڵەتی خوێندن بە مووچەی تەواوەوە بداتە فەرمانبەران.