زاری كرمانجی-سۆران:
لە مێرگەسۆر لەژێر ناوی “بارزان لە بەرخودان و خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی، پەروەردە و فێركردن و ژینگەپارێزی و پێكەوەژیان” كۆربەندێك ساز دەكرێت. ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەڵێت: ئەو كۆربەندە دوو ئامانجی هەیە.
د. تالب محەممەد، ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی گوتی: وەكو پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، زانكۆی پۆلیتكنیكی هەولێر، جگە لەوەی كە گرنگیمان داوە بە بواری فێركردن و توێژینەوەی زانستی، گرنیگمان داوە بە بوارەكانی دیكەی كۆمەڵگە، هەروەها ڕەهەندە بەهاكانی كۆمەڵگە، لەگەڵ بەها نیشتمانییەكان، لەم چوارچێوەیەدا كۆربەندی ساڵانەمان هەیە، لە یەكەم كۆربەندی ساڵانە لەژێر ناوی “بارزان لە بەرخودان و خۆنەچەماندن بۆ نیشتمانسازی، پەروەردە و فێركردن و ژینگەپارێزی و پێكەوەژیان” ساز دەكات.
ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، دەشڵێ: ئەم كۆربەندە دوو ئامانجی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كە بتوانین زیاتر باس لە مێژووی قوربانیدانی ئەم دەڤەرە لە بواری نیشتمانسازی، لەبواری شۆڕشگێری، لە بواری پەروەردە و فێركردن، ژینگەپارێزی و پێكەوەژیان، پیشان بدەین و زیاتر هەوڵێكیشە بۆ ئەوەی تاكەكانی كۆمەڵگە لێی ئاگادار بكەینەوە لەو بەها نیشتمانییەكان كە هەمانە، ئامانجێكی دیكەی ئەو كۆربەندە ئەوەیە كە بتوانین قەلغانی ڕێز ببەخشینە كۆمەڵێك لە ئەكادیمیستە بەرێزەكانی ئەم دەڤەرە، كە پلەی زانستیان بەرزبووەتەوە بۆ ئاستی پرۆفیسۆر لە بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵگەدا لە پای ئەو هەوڵ و ماندووبوونیان شانازیان پێوە دەكەین، چونكە سەرمایەی ئەو وڵاتەن، بە توانا ئەكادیمیەكانی خۆیان بەردەوامن لە خزمەتكردن، هاندەرێكیشە كە بتوانن خزمەت بە دەڤەرەكە و بە كوردستان بكەن، ئەم كۆربەندە لە ڕاستیدا گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەیە چونكە تیشك دەخاتە سەر میراتێكی گەورەیی و مێژوویی و چەند ڕەهەندێكی خاوەن شانازی و پڕ ئەزموونی شارستانی دەڤەرەكەمان.