زارى کرمانجى-سۆران:
بە مەبەستى پێشخستنى کەرتى کشتوکاڵى و گرینگى دان بە ژیرخانى ئابوورى لە بوارى کشتوکاڵ، ناوەندى توێژینەوەى گەشەپێدانى کشتوکاڵى دەکرێتەوە، کە چەندین بەشى گرینگى تێدایە.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند : ”لە کەرتى (٩ ) ى گوندى شاوراوەیى ناوەندى قەزاى سۆران، ناوەندى توێژینەوەى گەشەپێدانى کشتوکاڵى دروست دەکرێت، ئەو ناوەندە چارەسەرێکى ڕیشەیى بۆ بابەتى داهاتووى کشتوکاڵى ناوچەکە دەبێت، هەروەها لە ڕووى کواڵێتى بەرهەمهێنان و ڕیژەى بەرهەمهێنان، گرینگى زۆرى هەیە”.
هەروەها گووتیشى ” لەو ناوەندە کار لەسەر بە ئەکادیمى کردن و بڵاوکردنەوەى رۆشەنگەرى کشتوکاڵى و ئاشنابوون بە زانستەکانى کشتوکاڵى و وەبەرهێنانى مرۆیى دەکەین، بۆ بەرزکردنەوەى لایەنى زانستى و پێگەیاندنى کادرى پێشکەوتوو، لەلایەکى دیکەش ڕێکخستنەوەى پێکهاتەکانى کشتوکاڵى و دامەزراوەکانى کشتوکاڵییە، بە شێوەیەکى سەردەمیانەو پێشکەوتوو”.
بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى سۆران پتر ڕوونیکردەوە، ” پێکهاتەکانى ناوەندى توێژینەوەى گەشەپێدانى کشتوکاڵى، یەکەى کارگێڕى، باخدارى، قوتابخانەى کشتوکاڵى، بانکى تۆیەکان، نمایشگا، تاقیگەى خاک و ئاو، خانووى پلاستیکى داخراوو کراوە، ناوەندى ڕاوێژکارى، هۆڵى کۆنفرانس، شوێنى تایبەت بۆ بەسەربردنى خاک و ئاو، لەخۆ دەگرێت”.