مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ساڵی ڕابردوو، یەك ملیۆن ئۆكراینی و 244 هەزار كەسی تر لە وڵاتانی دیكەوە ڕوویان لە ئەڵمانیا كردبوو و داوای مافی پەنابەرییان كردووە.
زیادبوونی ژمارەی كۆچبەران و پەنابەران و كەمبوونەوەی ژمارەی دیپۆرتكردنەوە، كێشەیەكی سیاسی گەورەی لەو وڵاتە دروست كردووە و پارتە پۆپۆلیستی ڕاستڕەوەكان هەڵوێستیان دژی كۆچبەران وەرگرتووە و داواكارن لە حكومەت پرۆسەی دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران خێرا بكات.
كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو ڕاوێژكار ئۆلاف شۆڵز سیاسەتێكی توندتری پەنابەری ڕاگەیاند كە حكومەتەكەی دەیگرێتەبەر، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ گۆڤاری سپیگلی ئەڵمانی باسی لەوە كرد كە “دواجار دەبێت ئەو كەسانە دیپۆرت بكەینەوە كە مافی نیشتەجێبوونیان نییە لە ئەڵمانیا.”
دوای ئەوە نانسی وایزەر، وەزیری ناوخۆ كە سەر بە پارتی ڕاوێژكارە، ڕەشنووسی یاسایەكی خستە ڕوو كە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵییەوە پەسەندكراوە و بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە چاكسازی لە ڕێكارەكانی دیپۆرتكردنەوە تەنیا هەنگاوێكە لە زنجیرەیەك هەنگاو كە سیاسەتی كۆچبەری دەیگرێتەبەر، ئاماژەی بەوەشكرد “ئێمە دڵنیا دەبینەوە لەوەی كە ئەو كەسانەی مافی نیشتەجێبوونیان نییە، دەبێت خێراتر وڵاتەكەمان بەجێبهێڵن. بەم شێوەیە ئێمە پشتگیری كۆمەڵگا بۆ وەرگرتنی پەنابەران لە ئەڵمانیا بەهێز دەكەین.”
لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ حكومەتی ئەڵمانیا 40 پەنابەری وڵاتەكەی دیپۆرتی عێراق كردەوە و یەكێك لە پەنابەرەكانیش كوردی كریستیانە.
رەنج پشدەری، چالاكوانی بواری كۆچبەران، لە واڵەكەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك رایگەیاند “ئەمە چوارەم كاروانی پەنابەرانی عێراقییە كە حكومەتی ئەڵمانیا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو دیپۆرتی عێراقی كردوونەتەوە،”
ڕەنج ئاشكراشی دەكات كە بە پێی ڕێككەوتنێكی نێوان عێراق و ئەڵمانیا “26 هەزار پەنابەری عێراقی لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت دەكرێنەوە، كە ژمارەیەك كوردیشی تێدایە.”