مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی مامۆستایان، پلاتفۆرمی “ئی كتێبخانە” ڕاگەیاند و وەزیری پەروەردەش دەڵێ “هەر مامۆستایەك لە ساڵێكدا زۆرترین كتێب بخوێنێتەوە، بڕی پێنج ملیۆن دینار پێ دەدرێت.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا پلاتفۆرمی “ئی كتێبخانە”ى ئاشكرا كرد و ڕاگەیاند “ئەم پلاتفۆرمە دەخەینە بەردەستی مامۆستایان بۆ ئەوەی زۆرترین سەرچاوەیان لە بەردەست بێت، هەر مامۆستایەكیش لە ساڵێكدا زۆرترین كتێب بخوێنێتەوە، بڕی پێنج ملیۆن دینارى پێ دەدرێت و بۆ دووەم خوێنەریش لەسەر ئاستی كوردستان، چوار ملیۆن پێ دەدرێت.”
ئەم هەوڵەی وەزارەت لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی مامۆستایان و قوتابییانە و ئاسانكاری كردنە بۆ دەست گەیشتن بە سەرچاوە هەمە جۆرەكانە لە نێو ئەم پلاتفۆرمەدا.
وەزارەتی پەروەردە، زۆرترین سوودی لە هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاركردن بە سیستەمی ئەلیكترۆنی و بنیاتنانی حكومەتێكی ئەلیكترۆنی وەرگرتووە و لەم ڕووەوە زۆرترین هەنگاوی هاویشتووە و پلاتفۆرمەكانی ئی تایبەت بە پەروەردە و فێركردن و پرۆگرامەكانی خوێندن و قوتابخانە و باڵەخانە و پرۆگرامەكان و مامۆستایان و قوتابییان بەرهەمی ئەو هەنگاوانە بووە و دوا كاریش ڕاگەیاندنی هەر دوو پلاتفۆرمی تایبەت بە ڕاهێنان و كتێبخانە لە قوتابخانەكانە.
وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پلاتفۆرمەكەوە زانیاری زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ “سیستەمەكە پلاتفۆرمێكی زیرەكە و ڕێكخراوی یونیسێف سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی دەكات و سیستەمێكی فراوانە ئاسانكارییەكی زۆری كردووە و تا ئێستا دوو ملیۆن و 300 هەزار قوتابی تێدا تۆماركراون و زیاتر لە حەوت هەزار قوتابخانەی تێدایە.”
لەبارەی دیارییەكەشەوە دەڵێ “دیارییەكە هاندانێكە بۆ مامۆستایان تا زۆرترین كتێب بخوێننەوە، چونكە مامۆستای باش بریتییە لە خوێنەرێكی باش.”